×

باجی (ئازادی) لەسەردەمی (کۆرۆنا)دا!

27/09/2020
168 جار خوێندراوەتەوە

هاوده‌نگ عومه‌ر رێشاوى

ھەندێک لە شارەزایان و تەنانەت رەنگە کەسانی ئاساییش، پێیان وایە کە لە دوای کۆرۆنا ئیتر ژیانمان بەو شێوەیە نابێت کە پێش کۆرۆنا ھەمان بووە! و مێژووش پێمان دەڵێت کە چۆن ھەر سەد ساڵ جارێک جۆرێک لە ڤایرۆس ژیانی مرۆڤەکان و زەوی خستۆتە مەترسیەوە، کۆرۆنا ش رەنگە ھەمان شت بکات.

وێرای ھەموو ئەو جیاوازی تێروانینانەی لەسەر ھۆکاری دروستبوونی ڤایرۆسەکە دروست بوون، کە ھەندێک لەو باوەرەدان کە دروستکراوە و دەستی مرۆڤ لە دروستبوونیدا ھەیە، ھەندێکی تر دەڵێن نەخێر ئەمە کاری سروشتە و ھەندێکی تر بە جۆرێک لە خەشمی خودا بۆ سەر مرۆڤەکانی دەبینن ! بەڵام خاوەنی ھەموو ئەم بیروبۆچوونە جیاوازانە یەک دەرەنجام و یەک بەرکەوتە رووبەروویان دەبێتەوە.

یەکێک لە گرنترین و سەرەکیترین لێکەوتەکان، بابەتی ئازادیەکانی مرۆڤە ! ئازادی جەستەیی و ئازادی بیر !
دەمەوێت لێرەدا باسی ئەو ئازادییە (بیری)یە بکەم کە سەردەکێشێت بۆ جۆرێک لە باسکردنی ئازادی جەستەیی و بەرکەوتنی مرۆڤەکان! 

ھەموو ئەوانەی بانگەشەی ئازادی جەستەیی و فکرییان دەکرد، ئیستە لە زەمەنی کۆرۆنۆدا چی دەڵێن ؟! لە سەردەمێکدا نزیک بوونەوە لە یەکترو بەریەککەوتنی جەستەیی و گەرانی ئازادانە و تەنانەت ھەناسەدانیش باجی خۆی ھەیە، ئایا لەمەوە بۆمان دەرناکەوێت کە مرۆڤ ئازادی رەھای نیە لە بنەرەتدا؟ ئایا بانگەشەی ئازادی بەتەنھا بەسە بۆ ئەوەی مرۆڤ بریاری ئازادی بدات؟ 

لە ساتی ھەموو ئەو ھەوڵانەی کە مرۆڤ دەیدات بۆ گەیشتنی بە ھەموو بنجێکی ئەم گەردونەو گەیشتن بەھەموو ئەو ئازادیانەی کە دەیەوێت بگات پێی! لەم کاتەدا بەربەستێکی نادیار دێت و ھەموو ئەو رێگایانە دەگرێت.

لەوانەیە ئیتر پێویستمان بە گفتوگۆیەکی توندی ئازادیەکان نەبێت! چونکە کە تەماشای ژیانی رۆژانەی خۆمان دەکەین زۆربەی ئازادیەکانمان لێ زەوت کراوە!

ئەوە ئایین نیە کە ئەو رێگرییەی داناوە، ئەوە بیروبۆچونی باو و کلتور نیە ئەو رێگرییەی داناوە، بەڵکو ئەوە شتێکە کە باوەردارەکان و بێ باوەرەکانیشی چۆک پێ داوەو یەک جۆرە ژیانی داوە بە ھەردوولا بیانەوێت یان نەیانەوێت!
پرسیارەکە ئەوەیە!

من ئەگەر نەتوانم ھەناسەدانێکی ئازادانەو سەربەرزانەو بێ سنورانە بدەم، دەتوانم باسی یان داوای ئازادیەکی رەھا بکەم و تەنھا بیری مرۆڤەکانی تر بە بەربەست بۆ گەیشتن بە ئازادیەکانم دابنێم ؟!

 

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین