×

کاریگەربوونی فەزای گشتی کوردی بە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا

09/11/2020
1077 جار خوێندراوەتەوە

شۆڕش حه‌سه‌ن

دیارە ئاساییە ھەڵبژاردنەکانی ئەمریکا کاریگەری خۆی ھەبێت لەسەر تەواوی وڵاتانی جیھان چونکە زلھێزی دونیایە ودەرئەنجامی سەرکەوتنی کۆمارییەکان یان دیموکراتەکان کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت لەسەر سیاسەتی دەروەی ئەمریکا بە تایبەتیش لەوناوچانەی جێی نفوزی ئەمریکان لەوانەش خۆرھەڵاتی ناوەڕاست.

ھەڵبەت ئێمەش وەکو کورد بەدەر نابین لەو کاریگەر ولێکەوتانەی کە لە ئەنجامی گۆڕانکاری لەسیاسەتی دەرەوەی ئەمریکا رەنگدانەوەی دەبێت.

ئەوەی کە من دەمەوێ قسەی لەسەر بکەم کاریگەربوونی تاکی کورد وسۆشیال میدیای کوردییە بەو ھەڵبژاردنە وبەشێکیشی لایەنگیری تەواوی پێوە ‌دیارە لە سەرکەوتنی بایدن بێ ئەوەی لەسەر بنەمایەکی زانستی ئەم لایەنگیرییە سەرچاوەی گرتبێت.

ئەوەی کە ھەیە تەنھا ئەوەیە کە بایدن وەکو خۆی واتە کەسایەتی بایدن جۆرێک دۆستایەتی لەگەڵ کورد ھەیە کە ترامپ نەیبوو، وبایدن سیاسییەکی قاڵە وئەزموونێکی زۆری ھەیە وئاشنایەتیشی لەگەڵ ڕۆژھەڵاتی ناوەڕاست ھەیە کە ترامپ نەیبووە، جگە لە ھەڵوێستی ئەمریکا لە ڕووداوەکانی دوای ڕیفراندۆم وپشتیوانی حکومەتی عێراقی لە بەکارھێنانی ھێز بەرامبەر بە کورد.

دەمەوێ ئەوە ‌بڵێم کە جارێ پرسی ھەڵبژاردن بە پلەی یەکەم ئەمریکیە وئەمریکییەکان یەکلایدەکەنەوە کە ئەویش پەیوەستە بەم چەند خاڵەی خوارەوە: 

- دابەشبوونی دەنگ لەسەر ولایەتەکانی ئەمریکا بەشێوەیەک کە زۆر نزیکن لەیەکەوە جگە لەچەند ولایەتێک نەبێت کە ھەمیشە دەبنە ھۆی یەکلایکردنەوەی کاندیدی سەرۆکایەتی ئەمریکا.

- بە شێویەکی گشتی کۆمارییەکان محافزکارن وجۆرێک لە پابەندبوون وپەیوەست بوونیان ھەیە بە کولتور وتوراسی ئەمریکا وتا رادیەکیش گرنگ وبایەخیان ھەیە بە خێزان وتەنانەت جۆرێک لە ئیلتزاماتی ئاینیش ھەیە بە شێویەکی گشتی.

- بە شێوەیەکی گشتی دیموکراتەکان زیاتر بایەخ بە ئازادی ولێبڕالیەتی ڕەھا، وکەمتر بایەخ بۆ خێزان وبوارە کۆمەڵایەتییەکان ونیشتمان وشوناس دادەنێن. 

- خەڵکی رەش ورروت وداماوی ئەمریکا وچینە ھەژارەکان وڕەش پێستەکان زیاتر لایەنگری دیموکراتەکانن بە پێچەوانەی کۆمارییەکان کە زیاتر سپی پێیست وبەرچەڵەک ئینگلیزەکانن وخەڵکی نوخبە وخانەوادە دیارەکانی ئەمریکان..ھەڵبەت ئەمە بەشێوەیەکی گشتییە نەک رەھایی.

- زۆر جار کەسایەتیی کاندیدەکان کاریگەریان لەسەر ئەو دەنگدەرە خۆڵەمێشیانە ھەیە کە ئەنجامەکان یەکلایدەکەنەوە، وکەسایەتی ترامپیش جۆرێکە کە وەک دیاردەیەک تەماشا دەکرێت وزیاتر لە خۆدەرخستن ودەرکەوتن لە شاشەکانەوە بە لێدوانە سەیر وسەمەرەکانی لەبەرامبەر بایدن کە ئەزموونێکی قوڵی ھەیە لە بواری سەربازی وسیاسیدا.

- خاڵی تریش زۆرە کە کاریگەری لەسەر یەکلایکردنەوەی کاندیدەکان ھەیە کە ئەوە بابەتی سەرەکی نووسین کەی ئێمە نیە.
ھەرچی پەیوەستە بە دۆزی خۆمانەوە وەکو کورد  دەبێ ئەم ڕاستییانەمان لەبەر چاوبێت: 

- نابێ چاوەڕێی ئەوە بین کە گۆرانکاری لە سەرۆکایەتی ئەمریکا کاریگەری ڕاستەوخۆی دەبێت بۆ دۆزی کورد چ لە باشووری کوردستان وچ لەبەشەکانی تری کوردستان. چونکە ستراتیژی ئەمریکا بەتایبەت بۆ عێراق بریتییە لە پشتگیریی کردن لە دەوڵەتی ناوەندی عێراق، دۆزی کورد ھێندەی پەیوەستە بۆ تۆکمەیی ناوخۆیی ھێندە پەیوەست نیە بە پشتیوانی دەرەکی.

- سیاسەتی دیموکراتەکان بەرامبەر ئێران نەرمترە ولەسەر دەمی ئۆباماش بوو کە ڕێکەوتنی ئەتۆمی کرا ودواتر ترامپ لێی پەشیمان بۆیەوە. بۆیە دەبێ جاوەڕوانی ئەوە بکرێت بۆ عێراقیش ھەر سێ کاندیدی سەرۆکایەتی کۆمار وەزیران وپەرلەمانیش بە لێکگەیشتنی ئەمریکا وئێران دەبێت وەک ھەموو ساڵانی ڕابردوو. 

-لەم نێوەندەشدا کورد ئەگەر خۆی یەکڕیز وتەبا بێت دەتوانێ کاندیدی خۆی فەڕز بکات لەبەغداد ئەگەر نا ئەوان بێ کوردیش دەتوانن لەسەر ک سایەتییەک رێک بکەون.

-ئەو بیرۆکانەی بایدن ھەیبووە بۆ عێراق وەکو دەوڵەتێکی فیدڕاڵی مەرج نیە ببیتە ستراتیژی بایدن وەکو سەرۆک ئەمریکا، بەڵام دەکرێت سود لەو ئاشنایەتییە ببینرێت کە بایدن ھەیەتی بۆ کورد بۆ مانەوەی بە بەھێزی پێگەی کورد لەبەغداد نە زیاتر، وسەقفی چاوەڕوانییەکات بەرز نەکرێتەوەبۆ ئاستێک دواتر تەواو پێچەوانەوە بێتەوە.

لە کۆتاییدا دەبێ ئێمە خۆمان لەو (گرییە دەروونیە) ڕزگار  بکەین کە ھەمیشە چارەڕوانی فریادڕەسێک بین لە دەرەوەی خۆمان پێمان وابێت ئەو لە بری ئێمە ولە ئێمەش زیاتر خەممان دەخوات..ھەر کات ئێمە بە ھێز وتۆکمەبووین لە ناوخۆمان دەتوانیین لەسەر نەخشەی عێراق وھەرێمایەتی ڕۆڵی باشمان ھەبێت، بە پێچەوانەشەوە بێ ئەوەی خۆمان ئامادەگی تەواومان ھەبێت تەواوی دونیا ناتوانێ بۆ ئێمە ھیچ بونیاد بنات..

شاھێدێکی گەورە لە تەنیشتمانەوە ئەو عێراقەیە کە ئەمریکییەکان ڕژێمی پێشوویان لابرد کەچی دوای نزیکەی بیست ساڵ، تەواوی سێکتەرەکانی عێراق بەرەو دواووە چوە وبگرە لە رووی عەقلیەتی بەڕێوەبردنیشەوە گەڕاوەتەوە بۆ چەندین سەدەی رابردوو، ھەر ئەمەشە کە فرانسیس فۆکۆیاما لە کتێبی بونیاتناوەی دەوڵەت بە رونی ئاماژەی پێ دەکات.

 

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین