×

پەیامی پەشێو

11/12/2020
260 جار خوێندراوەتەوە

عەبدوڵڵا پەشێو

من دژی توندوتیژیم. پێم ناخۆشە خشتی خانوویەکی کوردستانەکەم بڕووشێ، ئاگر لە پاتاڵێک بەربێ، پشکێک خوێن داتکێ، بەڵام سەرەسۆدرەکە دەناسم و دەزانم کێ تاوانبارە. 

دەڵێن خۆپێشاندەر مۆڵەتیان وەرنەگرتووە! مۆڵەت لە کێ وەرگرن؟ لە کەسانێک، کە ئەلفوبێی حوکمداری نازانن؟ لە کەسانێک کە گوندێکیان پێ بەڕێوە ناچێ؟ گەلی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە وەحشی حوکمی بکەن ؟  

لە ماوەی ٣٠ ساڵی ڕەبەقی حوکمی قەرەقۆشیتاندا چەندجار  ڕێگەتان داوە خەڵک بێتە سەر شەقام، ھیچ نەبێ تا پراوە بکا، فێری فەرھەنگی خۆپێشاندان بێ؟  چەند جار مۆڵەتتان دا دژبەرەکانتان، بە "قەپۆزیسیۆن"ەکانی خۆشتانەوە، تا پێش ئەوەی کار لە کار بترازێ، دەست لەسەر برینەکان دانێن و بە زمانێکی شارستانییانە لەگەڵتان بدوێن. مەبەستم ئەو چەند جارە نییە، کە دەستەیەک بندیواری پۆشتەو پەرداختان بۆ فشەمافێک دەناردە بەردەرگەی ئەو "مەڕلەمان"ەی، بێدەسەڵاتترە لە ڕەوە چۆلەکەیەکی ناو تۆڕەکەی سەلیم قاقای ھەولێری جاران! 

*

دەستیان لە پشتە؟ دەستی کێ؟ چما ئێوە خۆتان ھیچ دەستێکتان ھێشتووە ماچی نەکەن؟ ئەوە چ دەستێکە کاری بەو ڕەشوڕووتە برسییانەیە؟ تورکیا؟ ئێران؟ عیراق؟ کێ؟ جا ئێوە چیتان کردووە تا ئاغاکانتان نیگەران بن و بیانەوێ تڕۆتان بکەن؟ ئێوە چیتان بەسەر چییەوە ھێشتووە؟ چی ماوە ڕادەستی نەکەن؟! یەک شتم پێ بڵێن، یەک شت! 

نەک ھەر داگیرکەران، ئەگەر ھەموو دنیا دژی گەلی نەفسبڵندی کوردستان بایە نەیدەتوانی ئاوا، وەک ئێوە، ھیوا و کەسایەتی و پیرۆزییەکانی ڕیشەکێش کا.

*

لە دنیا حوکومەت، پەرلەمان، سیستەمی دادوەری و میدیا ھەن خەڵک پەنایان بۆ دەبا، داوای لابردن، دانان، یان ڕاستکردنەوەی خشتێک، یان چەند خشتێک دەکا لە تەلاری دەوڵەت و حوکمڕانی: کەمکردنەوەی سەعاتی کار، زیدەکردنی مووچە، کەمکردنەوەی باج، داشکاندنی نرخی وزە، پاراستنی ژینگە، مافی ژنان... ھتد. گەلی باشوور نە ئەو تەلارەی ھەیە باسی ئەم خشت و ئەو خشتی بکا، نە حوکومەتێکی ھەیە داوای تڕۆکردنی بکا، نە پەرلەمانێکی ھەیە بچیتە بەر دەرگەی، نە دادگەیەکی ھەیە بە ھاوارییەوە بێ، نە میدیایەکی کاریگەریشی ھەیە بڵندگۆیەکی بۆ دانێ. چی بکا؟ 

ئێوە، کە کوردستانتان کردووە بە شارێکی پڕ شەقامی تێکئاڵاوی بێ ترافیکی ھاتوچۆ، ھەر بابایە خۆی بەویتردا دەکێشێ.  چما شتێک ماوە، تا داوای پێداچوونەوە و ڕاستکردنەوەی بکرێ؟! 

ئێوە، کە دەستوپێسپین، لەسەر مووچە ناژین و تەماشای ڕۆژژمێر ناکەن و ناپرسن چەندی مانگە، قەت لەو زگە بەتاڵانەی سەر شەقام ناگەن. 

ئێوە، ھەی ئەحمەقینە، وڵاتی نەوت و گاز و خۆر و ئاوتان لەبن دەستە، کەچی موچەی موچەبابیشتان پی نادرێ، کە لە سۆماڵیش ڕۆتینێکی مانگانەیە! 

ئەمجارەش نا، جارێکی تر ، لەسەر مووچە نا، لەسەر دەیان ساڵی تاوانەکانی شاخ و شارتان... کۆتاییتان ھەر دێ. 

گەلی کوردستان زۆر لەوە گەورەترە وەحشی حوکمی بکەن.

 

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین