×

خۆپیشاندان وه‌ك مافێك

23/05/2020
211 جار خوێندراوەتەوە

لوقمان مسته‌فا

بەشی هەرە زۆری هاوڵاتیانی هەرێمی کوردستان بە تایبەتیش توێژی مامۆستایان و فەرمانبەران بێزاربوون لە  بەڕیوەبردنی ئەم جۆرە سیستەمە لە دەسەڵات، بێزاربوون لەم هەموو قەیران و سیاسەتی چەوت  وململانێی بێ مانای لایەنە سیاسیەکان،کە بەردەوام دووچاری ماڵوێرانیی کردوون. هەر بۆیە ئەم چین و توێژانە بۆ چاککردنی بارودۆخی ژیان و گوزەرانی خۆیان، هیچ بژاردەیەکیان لەبەردەستدا نییە، ئەوە نەبێت بێنە سەر شەقامەکان و بە دەنگی بەرز گوزارشت لە داواکارییەکانیان بکەن.

شەقامەکان بکەن بەو شوێنەی لێیەوە هاوارو ناڵەیان بگەیەنن بە گوێی دەسەڵاتداران و داوای مافە رەواکانیان بکەن.داوای کرێی ماندووبوونی خۆیان بکەن،داوای مووچەی بەناو پاشەکەوتکراویان بکەن. 

لە راستیدا هۆکارگەلێکی زۆر هەیە بۆ ئەوەی هاوڵاتیان خۆپیشاندانی لە پێناودا بکەن، بەڵام هیچ هۆکارێک ناگاتە ئەوەی کە قووتی ماڵو منداڵت بگرن و خۆیان تێرو تۆ برسیکەن!  بێ دەنگ بوون لە ئاست ئەم زوڵمە هەرچی دەسکەوتی راپەرینی خەڵکی کوردستان هەیە دەخاتە بەر مەترسیەکی راستەقینەوە،بەردەوام بوون لە سەر ئەم ڕیتمەی بەڕێوەبردنی دەسەڵات لە حوکمڕانی کارەساتی گەورەی بە دوادادێت.

بەڵام لەگەڵ هەموو ئەمانەشدا شارەزایان پێیانوایە دەسەڵات یان حکومەت، زۆرجار هۆکارە بۆ گۆڕینی خۆپیشاندانی ئاشتیانە بۆ خۆپیشاندانێک کە تووندوتیژی و پەشێوی لێ بکەوێتەوە، بەوەی داواکاری خۆپیشاندان پشتگوێدەخەن و جێبەجێی ناکەن و بەدەم هیچ داواکارییەکەوە نایەن.

ئەم پشتگوێخستن و جێبەجێ نەکردنە بۆ داخوازی خۆپیشاندەران، وا لە خۆپیشاندەران دەکات بیر لە شێوازی دیکە و میکانیزمی تر بکەنەوە بۆ گەیاندنی داواکارییەکانیان. بیر لەوە دەکەنەوە بە جۆرێکی تر خۆپیشاندان بکەن کە کاریگەری زیاتری هەبێت و حکومەت ناچار بە گوێگرتن و جێبەجێکردنی داواکارییەکانیان بکات، هەروەک ئەوەی کە ئێستا لە هەرێمی کوردستاندا دەگوزەرێ، خەڵکەکە بە ئاشتیانە دێنە سەر سەقام خۆپێشاندان دەکەن و داوای مافی خۆیان دەکەن، کەچی زەبروزەنگ و بەبکرێگیراوانی لایەنێکی سیاسیش لە قەڵەمیاندەدەن و دەڵێن دەستی دەرەکی لە پشتەوەیە!

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین