×

کۆرۆنا پاساو نیە بۆ ڕاگرتنی کارەکانی پەرلەمان!؟؟

11/06/2020
371 جار خوێندراوەتەوە

ئه‌بوبه‌كر هه‌ڵه‌دنى

ئه‌ندامى په‌رله‌مانى كوردستان

لەکاتێکدا دەبوایە پەرلەمان لە گەرمەی کارکردنی خۆیدا بوایە، بەتایبەت پرسی (٢٧ ملیار دۆلار قەرزەکەو ھۆکارەکانی سەرھەڵدانەوەی پەتای کۆرۆناو دواکەوتنی موچەی فەرمانبەران و پرسی چاکسازی و ڕێکەوتنی ھەرێم و ناوەند و گرفتەکانی کەرتی پەروەردە و خوێندنی باڵا و قاچاخچیەتی دەروازە سنووریەکان) لەو بابەتانە بوونایە کە پەرلەمان دەبوایە بەکاری چاودێری خۆی ھەڵبستایە و کۆبونەوەی بۆ بکردایە.

ھەرلەم ماوەیە بەواژۆی پەرلەمانتاران لە فراکسیۆنە جیاوازەکان چەندین یاداشت ئاراستەی سەرۆکایەتی پەرلەمان کراوە کە بانگھێشتی سەرۆکی حکومەت وجێگرەکەی و وەزیری دارایی بکرێت لەسەر پرسی دواکەوتنی موچە وقەرزەکانی ھەرێم.
کەواتە دەستەی سەرۆکایەتی و پاشان فراکسیۆنەکان وپەرلەمانتاران بەرپرسیارن لەم دۆخە نەخوازراوەی بۆ پەرلەمان ھاتۆتە پێشەوەو کەئەمەش داخستنێکی تری دەرگای پەرلەمانە کە بۆ دوو مانگ دەچێت کۆبونەوەکانی وەستاون وکاروباری لیژنەکانیش بەسستی دەڕوات.
لەماوەی ساڵێک وحەوت مانگی خولی پێنجەمی پارلەمان کەمترین یاساو بڕیاری دەرکردووە وچاودێرییەکی سست ولاوازی حکومەتی کردووە وشەشەم ساڵیشە بودجە نەھاتۆتە پەرلەمان، کەئەمەش ئەو ڕاستیە دەسەلمێنێ لەسایەی بەرئەنجامی ساختەکاری دوایەمین ھەڵبژاردنی پەرلەمان وبایکۆتی خەڵکی کوردستان ودواتر دابەشکردنی پۆستەکانی دەستەی سەرۆکایەتی ولیژنەکان ئەم خولەی پەرلەمان خراپترین ولاوازترین خولی پەرلەمان بێت لە مێژووی دروست بونیەوە.

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین