×

زۆر بەکورتی، تورکیا بۆ ھاتووە!

30/06/2020
246 جار خوێندراوەتەوە

ئاسۆ حاجى

یەکێتی کەوتۆتە داوی خۆی نەدەتوانێ بە ئاسانی ئەو پەیوەندیە ئاڵۆزییەی چەندین ساڵە بەبێ دیراسەکردن و دووربینی لەگەڵ پەکەکە دروستی کردووە کۆتایی پێبێنێ، نە دەتوانێ لەگەڵ تورکیا بگاتە ئەو قۆناغەی کە مەترسی لە سەر دروست نەکا و دژایەتی نەکات، ئەگەرچی ئێستا و بە دەست پێشخەری یەکێتی ژمارەیەکی زۆری کێڵگە نەوتیەکانی سنوری سلێمانی لەلایەن کۆمپانیای گەنەل ئەنەرجی تورکی کڕاونەتەوە و ئەوان وەبەرھێنانیان تێدا دەکەن،ھەروەھا ھاوکاریەکی ھەواڵگری توند لە نێوان میت و دەزگای زانیاری یەکێتی ھەیە کە ئەنجامەکەی تا ئێستا کوژرانی چەندین سەرکردە و کادیری پەکەکە بووە، یەکێتی ئەوەی وەک شیرینی و نیاز پاکی پێشکەشی تورکیا کردووە، بەڵام تا ئێستا نەیتوانیوە ھاوکێشەکە بگۆڕێ چونکە پەکەکە بە چەک و ھێزەوە لە زۆنی سەوز بوونی ھەیە و دەتوانێ ببێتە مەترسیەکی گەورە بۆ سەر یەکێتی، بەتایبەتیش کە پەکەکە بەشێکە لە ئەجێندا و ستراتیژیەتی ئێران و لەو خاڵەدا لەگەڵ یەکێتی یەکدەگرنەوە، دیاریشە دوور کەوتنەوەی یەکێتی لە ئێران بە مانای لاوازبوونی دێ تا رادەی لەناوچوون.

پەکەکە ھۆکارە سەرەکیەکەیە لە راکێشانی تورکیا بۆ ناو باشور،ئێستا ھەبوونی گەورەی پەکەکە نە لە ناو خاکی باکوری کوردستانە و نە لە چیا سنوریەکانی نێوان باشور و باکور بەڵکو ھەبوونی گەورەیان لە رووی سەربازیەوە لە دەڤەری شنگال و باشوری کەرکوک کە لە ژێر سێبەری حەشدی شەعبی سەربازگەیان دامەزراندووە و موچەیان لێوەردەگرن،ھەروەھا لە سنوورەکانی نێوان باشور و رۆژھەڵاتی کوردستانن واتا لە ژێر سێبەری یەکێتی و ئێران کە درێژکراوەی ھەمان ستراتیژیەتی ھەبوونیانە لە شنگال و کەرکوک و گەرمیان.
کاتی خۆی لە باکور دەمیرتاش و ھەڤاڵانی سەرکەوتن و ھەشتا و یەک کورسیان بردەوە و ئەردۆغان مەمنونیان بوو حکومەتیان لەگەڵ پێکبھێنێ و ئامادە بوو ھەتا شەش وەزیریان بداتێ، بەڵام قەندیل گوتی دەمیرتاش ئەو کەسە نیە بتوانێ بریاری بەشداریکردن و نەکردن بدا و ئەوە قەندیلە ئەو بریارانە دەدا، چوون شەڕیان لە بن دیمەشق بردەوە ناو ماڵە کوردی ھەژار لە جزیرە و دیاربەکر و شەرنەخ و ھەزەخ و نسێبین و جۆلەمەرگ و ھەکاری و زیاتر لە شەش ھەزار کەسیان بە کوشتدا کە چوارھەزار زیاتریان گەریلا و ھێزەکانی ھەپەسە بوون و باکوریان رادەستی تورکی تۆرانی کردەوە و لە سوریاش ئێرانیان بەھێز کرد و ئەسەدیان لە روخان دەرباز کرد، ھەروەھا نەیانھێشت دەمیرتاش ببێتە رابەری بێ رکابەری کوردانی باکور و خستیانە زیندان، ئێستا کە پارتی چاودێری ئاشتی نێوان کوردانی رۆژئاوا دەکا و جەنەراڵ مەزلوم کۆبانی رۆژبەرۆژ لە قەندیل دوور دەکەوێ و بڕیارەکانیان جێبەجێ ناکات دەیانەوێ ئەو تۆڵەیە لە باشور بکەنەوە و ئەوجارەیان ئەگەر بۆیان بچێتە سەر وێرانی دەکەن.

وەستانی لەشکرکێشی تورکیا لە خاڵێکدا بە بۆچوونی من پەیوەندی بە ھەڵوێستی وڵاتانی زلھێزەوە ھەیە، ھەروەھا بە ھاوکێشە ئیقلیمیەکان، ئەگەر نا بۆی بچێتە سەر تورکیا سیاسەتی (کێ ھێزی ھەیە ئەو بڕیار دەدا) جێبەجێ دەکا و رەنگە گەراندنەوەی ویلایەتی موسڵ بۆ سەر ئیمپراتۆریەتەکەیان بکەنەوە واقیع و عەھدی میللی بەجێبگەیێنن.
حکومەتی عێڕاقی و شەخسی مستەفا کازمی داوەتکەری سوپای تورکیایە بۆ ناو سنووری نێودەوڵەتی دەوڵەتی بەناو عێڕاق لە چوارچێوەی ئەو رێکەوتنەی کە بەر لە رووداوەکانی شازدەی ئۆکتۆبەری ساڵی ٢٠١٧ عەبادی لەگەڵ تورکیا ئیمزای کردوە و مستەفا کازمی یەکێک بووە لە کەسە ئاگادارەکانی ناوەڕۆکی ئەو رێکەوتنە کە بەھۆیەوە تورکیای زیاتر دەست کراوەتر کردوە لەو رێکەوتنە ئەمنیەی لە ناوەراستی ساڵانی ھەشتاکانی سەدەی رابردوو لە نێوان عێڕاق و تورکیا ئیمزا کراوە کە رێگە بە تورکیا دەدا بە قوڵایی پازدە کیلۆمەتر سنووری عێڕاق ببەزێنێ بۆ راوەدوونانی ئەو گروپە چەکداریانەی مەترسی لە سەر ئەمنیەتی تورکیا دروست دەکەن، ھەر ئەو رێکەوتنەی عەبادیشە لەگەڵ تورکیا زاری حکومەتی عێڕاقی بەستەوە لە بەرامبەر ھەبوونی نزیکەی دوو ھەزار سەربازی تورکی لە بەعشیقەی نزیک موسڵ.

سەردانی نھێنی ھاکان فیدانی سەرۆکی دەزگای میت و کۆبوونەوەی لەگەڵ کازمی و ھەبوونی یەکێک لە ھاوسەرۆکەکانی یەکێتی لەھەمان کاتدا لە بەغدا، بەنھێنی سەرنجمان بۆ ئەو پرسیارە دەبات، دەکرێت بەغدا لەشکری تورکیای داوەت کردبێ؟

  بابەتەکانی تری نوسەر
‌نوێترین