بەپەلە

وردەکاری ئەو فەرمانە هەرێمییەی بارزانی دەریکردووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم

وردەکاری ئەو فەرمانە هەرێمییەی بارزانی دەریکردووە بۆ ئەنجامدانی ڕیفراندۆم
13/06/2017

14821 جار خوێندراوەتەوە

+ -

بارزانی فەرمانێکی هەرێمی دەرکردووە لەبارەی کات و چۆنیەتی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم و دەقی پرسیاری ڕیفراندۆمەکە.

ڕۆژی ٨ ی ئەم مانگە فەرمانە هەرێمییەکە دەرچووە و بارزانی ئیمزای کردووە و لە فەرمانە هەرێمییەکەدا چەند خاڵێک خراوەتەڕوو کە بریتین لە:-

١.ئەنجامدانی ڕاپرسی گشتی لە ڕۆژی ٢٥/٩/٢٠١٧ لە سەرتاسەری هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم.

٢.پرۆسەی ڕاپرسی بە دەنگدانێکی گشتی نهێنی ڕاستەوخۆی ئازاد ئەنجام دەدرێت، پرۆسەکە لە کاتژمێر هەشتی بەیانی دەستپێدەکات و تا شەشی ئێوارە بەردەوام دەبێت.

٣.بەمەبەستی جێبەجێکردنی مافی چارەنوس، بەشدارانی پرۆسەکە بە بەڵێ یان نەخێر وەڵامی ئەم پرسیارەی لای خوارەوە دەدەنەوە، ئەویش بە دانانی هێمای ڕاست بەرامبەری
-ئایا دەتەوێ هەرێمی کوردستان و ناوچە کوردستانییەکانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم ببێتە دەوڵەتێکی سەربەخۆ؟

-بەڵی ( )
-نەخێر( )

٤.پێویستە دەنگدەر شیاوی دەنگدانی تێدابێت بەپێی یاسا و ڕێنماییە پەیڕەوکراوەکان.

٥.کارتی دەنگدان بە زمانەکانی کوردى و عەرەبی و تورکمانی و سریانی بەشێوەی چاپکراو بەڕوونی دەنوسرێت.

٦.ئەو بژاردەیەی کە زۆرینەی دەنگ وەردەگرێت بە براوە ئەژمار دەکرێت و دەبێتە ئیرادەی گشتی گەلی کوردستان بە گشت پێکهاتەکانییەوە.

٧.سەبارەت بە تۆماری دەنگدەران و ڕیکلام و دەنگدان و تاوانی هەڵبژاردن ئەو ئەحکامانەی لە یاسای هەڵبژاردنی پەرلەمانی کوردستان ژمارە (١)ی ساڵی ١٩٩٢ ی هەرموارکراو و یاسا پەیوەندیدارەکاندا هاتوون جێبەجێ دەکرێن.

٨.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەڵدەستێت بە ئەنجامدان و سەرپەرشتی کردنی ڕاپرسیەکە و ئامادەکردنی تۆماری دەنگدەران و جیاکردنەوە و ئەژمارکردنی دەنگەکان و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکانی. لەم بارەیەشەوە پەیڕەوی ڕێنمایی و ئەحکامی یاسا پەیوەندیدارەکان و ستاندەرە جیهانییەکان دەکات.

٩.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی هەماهەنگی دەکات لەگەڵ ئەنجوومەنی باڵای ڕاپرسی لە کوردستان بۆ جێبەجێ کردنی پرۆسەکە.

١٠.دامەزراوە حکومیی و حزبییەکان بۆیان نییە بەهیچ شێوەیەک لە شێوەکان دەستێوەردان بکەن لە کاروباری بەرپرسان و سەرپەرشتیاران و ئەنجامدەرانی پرۆسەی ڕاپرسی و ڕێگا نادرێت هیچ کەس و لایەنێک دەستبخاتە ناو کاروباری دەسەڵاتەکانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی لە کاتی ئەنجامدانی ئەرکەکانی بە بێلایەنانە و سەربەخۆیی و دەستپاکی و ئاشکرای تەواو بە پێی یاساکان.

١١. لایەنە پەیوەندیدارەکان بواری پێویست دەڕەخسێنن بۆ بەشداریکردنی تێکڕای ئەندامانی گەل و گرەنتی ئازادی ڕادەربڕین و گردبوونەوە و هاتوچۆ و دەنگدان بەپێی یاسا پەیڕەوکراوەکان و ئاسانکاری و هەماهەنگی دەکەن لەگەڵ کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی بۆ بەڕێوەچوونی پرۆسەکە.

١٢.مسۆگەرکردنی بەشداریکردنی لایەنە پەیوەندیدارە بیانییە فەرمی و نافەرمییەکان و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی و میدیا لە چاودێریکردنی گشت کاروباری ڕیکلام و بەڕێوەچوونی دەنگدان و جیاکردنەوە و ئەژماردنی دەنگەکان و بڵاوکردنەوەی ئەنجامەکان.

١٣.کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی هەڵبژاردن و ڕاپرسی کاردەکات بۆ ڕەخساندنی بوار بۆ بەشداری ڕەوەندی کوردستانی لە دەرەوە لەم ڕاپرسییەدا.

م.ر