بەپەلە

هەپەگە: لە چەلێ و شرنەخ ١٤ سەربازى تورکیا کوژران

هەپەگە: لە چەلێ و شرنەخ ١٤ سەربازى تورکیا کوژران
13/06/2017

5320 جار خوێندراوەتەوە

+ -

هەپەگە ڕایگەیاند، لە شەڕى نێوان گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپاى تورکیادا لە ناوچەى چەلێ و شرنەخ ١٤ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون و گەریلایەکیش لە ئامەد بە بریندارى لەلایەن سوپاى تورکیاوە دەستگیرکراوە. تا ئێستاش میدیاى فەرمیى حکومەتى تورکیا لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکى بڵاونەکردووەتەوە.

ناوەندى ڕاگەیاندنى هێزەکانى پاراستنى گەل (هەپەگە) بڵاویکردەوە، گەریلاکانیان ڕۆژى ١١ى حوزەیرانى ٢٠١٧ لە چوارچێوەى "ئۆپراسیۆنى شۆڕشگێڕیى شەهید بەدران گوندکرەمۆ و شەهید نالین موش" لە دژى هێزەکانى سوپاى تورکیا لە گردى کۆردینە لە ناوچەى چەلێی پارێزگاى جۆلەمێرگ هێرشێکیان ئەنجامداوە و بۆ ماوەى کاتژمێرێک شەڕ ڕوویداوە و لە ئەنجامدا ١٠ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون.

بەپێى ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگە، لە داوى شەڕەکە سوپاى تورکیا بە فڕۆکەى جەنگى و تۆپخانە و هاوەن ناوچەکەیان بە چڕى بۆردومان کردووە و کوژراو و بریندارەکانى شەڕەکەشیان بە کۆپتەرى جۆرى سکۆرسکى گواستووەتەوە.

لە ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگەدا ئاماژە بەوەشکراوە، ڕۆژى ١١ى حوزەیران گەریلاکانیان لە گردى شەهید زەکیى سەر بە ناوچەى چەلێى جۆلەمێرگ چالاکییەکى تریان ئەنجامداوە و ئەوەندەى بۆ گەریلاکانیان ڕوون بووەتەوە لەو چالاکییەدا ٢ سەربازى ترى سوپاى تورکیا کوژراون.

هەپەگە لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەیدا باسى ئەوەشیکردووە، کە گەریلاکانیان هێرشیان کردووەتە سەر بارەگاى سەربازیى سوپاى تورکیا لە ناوچەى گابارى شرنەخ و بەو هۆیەوە ٢ سەربازى تورکیا کوژراون.

لە بەشێکى ترى ڕاگەیاندراوەکەى هەپەگەدا هاتووە، ڕۆژى ١١ى حوەزیران هێزەکانیان لە پۆیراشینێى ناوچەى چەلێ ئۆتۆمبێلێکى هێزەکانى دژە گەریلا (کۆنترا گەریلا)یان کردووەتەوە ئامانج، بەڵام زیانەکانى ئەو هێرشە بۆ گەریلاکانیان ڕوون نەبووەتەوە.

هەپەگە لەبارەى دەستگیرکردنى گەریلایەکیان بە بریندارى لەلایەن سوپاى تورکیاوە ئەوەى خستووەتەڕوو، ڕۆژى ٦ى حوەزیران و لە دەورووبەرى گوندى دەرنان لە ناوچەى هێنێى پارێزگاى ئامەد، گەریلاکانیان و هێزەکانى سوپاى تورکیا ڕووبەڕووى یەکتربوونەتەوە و بەهۆى بۆردومانى کۆپتەرە جەنگییەکانەوە گەریلایەکیان برینداربووە و بە بریندارى کەوتووەتە دەست هێزەکانى سوپاى تورکیا و تاوەکو ئێوارەى ڕۆژى ٧ى حوزەیرانیش شەڕ بەردەوام بووە و لە دواى ئەوەى سوپاى تورکیا لەو ناوچەیە کشاوەتەوە.

هەروەها هەپەگە ئاماژەى بەوەشکردووە، سوپاى تورکیا لە ناوچەى چەمچۆى سەر بە قەزاى قاخزمانى پارێزگاى قەرس لە ئۆپراسیۆنى سەربازیدایە و هەروەها بنکەى سەربازیى سوپاى تورکیا لە ناوچەى بەرواریى پارێزگاى سێرت، کوێستانەکانى ناوچەى شەهید ڕەسوڵیان هاوەنباران کردووە.
تا ئێستا میدیاى فەرمیى حکومەتى تورکیا لەبارەى ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگەوە هیچ هەواڵ و زانیارییەکى بڵاونەکردووەتەوە.

هەڵکەوتەى ناوچەى چەلێ و شەڕەکانى

ناوچەى چەلێى (چوکورجا) لە پارێزگاى جۆڵەمێرگ ناوچەیەکى سەختى شاخاوییە و چەندین دۆڵ و شاخى بەرز لەخۆ دەگرێت. لە ناوچەى چەلێدا ٣٣ گوند هەیە و بەپێى سەرژمێریى ساڵى ٢٠٠٨ ژمارەى دانیشتوانەکانى ئەو ناوچەیە نزیکەى ١٥ هەزار کەسە، کە زیاتر لە هەشت هەزار کەسیان نیشتەجێی قەزاى چەلێن.

ڕووبەری ناوچەى چەلێى جۆڵەمێرگ ٩٠٩ کیلۆمەتر چوار گۆشەیە و لە ساڵى ١٩٥٣دا بووە بە قەزا. چەلێ هاوسنوورى پارێزگاى دهۆکى باشوورى کوردستان و ناوچەى دێرەلوکى ئەو پارێزگایەیە.

ساڵى ڕابردوو لە ناوچەى چەلێ چەندین شەڕ لە نێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیا لە چەلێ ڕوویاندابوو، کە دیارترینان هێرشى گەریلاکانى پەکەکە بوو بۆسەر کۆپتەرەکانى بینالى یەڵدرم سەرۆک وەزیرانى تورکیا لە لیواى دووى چەلێ و بەپێى ڕاگەیاندراوەکانى هەپەگە و بڵاوکردنەوەى گرتە ڤیدیۆییەکانى ئەو هێرشە، ٣ لە کۆپتەرەکانى سەرۆک وەزیرانى تورکیا تێکشکاون و ٢ کۆپتەرى تریشیان زیانیان بەرکەوتووە و ١١ سەربازیش کوژراون.

پێشهاتەکانى شەڕ لە باکوورى کوردستان لەمساڵدا

بەپێى ڕاگەیاندراوێکى پێشووتری هەپەگە لە ڕۆژى ٨ى حوزەیرانى ٢٠١٧دا گەریلاکانیان لە ناوچەى چەلێى پارێزگاى جۆلەمێرگى باکوورى کوردستان کۆپتەرێکى سوپاى تورکیایان خستووەتە خوارەوە و بەو هۆیەوە هەر ١٤ سەرنشینى کۆپتەرەکە کوژراون.

پێشتریش ناوەندى ڕاگەیاندنى هەپەگە لە ڕۆژى ٢ى حوزەیرانى ٢٠١٧ بڵاویکردەوە، ڕۆژى ٣١ى ئایار دەستەى فەرماندەیى هێزى ئۆپراسیۆنى سوپاى تورکیا لە چیاکانى کاتۆ و بەستاى پارێزگاى شرنەخ لە کۆپتەرێکى جۆرى جاگواردا بوون و ئۆپارسیۆنەکانى سوپاى تورکیایان لەو ناوچانەدا بەڕێوەبردووە، کە بەو هۆیەوە جەنەڕاڵێک بە ناوى ئایدۆغان ئایدن فەرماندەى گشتى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا لە شرنەخ و هەر دوو فڕۆکەوانەکە و ١٠ بەرپرسى سەربازیى دەستەى فەرماندەیى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا، کوژراون.

ئەو ڕاگەیاندراوەى هەپەگە لە کاتێکدابوو، کە شەوى ٣١ى ئایارى ٢٠١٧ هەواڵى کەوتنە خوارەوەى کۆپتەرێکى سوپاى تورکیا لە ناوچەى قلەبانى شرنەخ بڵاوکرایەوە و لەو کاتەدا پارێزگارى شرنەخ ڕاگەیاندبوو، کۆپتەرەکە ٣ خولەک لە دواى هەستانی بەر هێڵى کارەبا کەوتووە و بەو هۆیەوە کەوتووەتە خوارەوە.

چوار ڕۆژ پێش کەوتنەخوارەوەى ئەو کۆپتەرەى سوپاى تورکیا، سولەیمان سۆیلو وەزیرى ناوخۆى تورکیا لە ڕۆژی ٢٨ى ئایاری ٢٠١٧ سەردانى هێزەکانى سوپاى تورکیاى کردبوو لە زنجیرە چیاى کاتۆ لە پارێزگاى شرنەخ، کە لەو کاتەدا ئاژانسى هەواڵى ئەنادۆڵى حکومەتى تورکیا بڵاویکردبووە "هێزەکانى سوپاى تورکیا لە چیاى کاتۆ ماوەى ٤٠ ڕۆژە لە ئۆپراسیۆندان لە دژى گەریلاکانى پەکەکە". زنجیرە چیاى کاتۆ یەکێکە لە زنجیرە چیا سەختەکانى باکوورى کوردستان، کە شوێنى چەندین پێکدادانى نێوان سوپاى تورکیا و گەریلاکانى پەکەکەیە.

پێش ئەوەش سولەیمانى سۆیلو لە ڕۆژى ٢٧ى ئایارى ٢٠١٧ ڕایگەیاندبوو، پەکەکە لە ناوچەى تەندورەک لە نێوان تورکیا و ئێران ناوچەیەکى فراوانى کۆنتڕۆڵکردووە و سوپاى تورکیاش گەورەترین ئۆپراسیۆنى ٣٠ ساڵى ڕابردوو لە دژى پەکەکە لە تەندورەک ئەنجام دەدات.

شاخى تەندورەک لە زنجیرە چیاى ئاگریدایە و دەکەوێتە سنوورى پارێزگاکانى ئاگری و وان و ئیدر و قەرس لە باکوورى کوردستان و هاوسنورە لەگەڵ پارێزگاى ورمێ لە ڕۆژهەڵا تى کوردستان و وڵاتى ئەرمینیا. ١١ رۆژ پێش ئەو لێدوانەى وەزیرى ناوخۆى تورکیا، هەپەگە لە ڕۆژى ١٦ى ئایاری ٢٠١٧ ڕایگەیاندبوو، لەشەڕی گەریلاکانیاندا لە ئاگرى و ئامەد ٥١ سەربازى سوپاى تورکیا کوژراون، کە فەرماندەى ئۆپراسیۆنەکانى سوپاى تورکیا لە ئاگرى لە ناو کوژراوەکاندا بووە  و کۆپتەرێکى جەنگیى جۆرى کوبرا خراوەتە خوارەوە و هەر دوو فڕۆکەوانەکەشى کوژراون.

بەر لەو پێشهاتانە حکومەتى تورکیا ڕۆژى ٨ی ئایاری ٢٠١٧ ڕایگەیاندبوو، لە ناوچەى ئاگرى دیوارێک لە نێوان سنوورى وڵاتەکەى و ئێراندا دروست دەکات.

شەڕ لە دواى تێکچوونى پرۆسەى ئاشتى

ئەوەش لە کاتێکدایە لە دواى ئەوەى شەوی ٢٤ى تەمووزى ٢٠١٥ و هاوکات لەگەڵ ساڵڕۆژى مۆرکردنى ڕێککەوتننامەى لۆزاندا، ٨٥ فڕۆکەی جەنگیی تورکیا هێرشیان کردە سەر بنکە و بارەگاى گەریلاکانى پەکەکە، پرۆسەى ئاشتى لە باکوورى کوردستان کۆتایی پێهات و لەو کاتەوە تاوەکو ئێستا چەندین پێکدادان لەنێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیادا لەناوچە جیاجیاکانى باکوورى کوردستان ڕوویانداوە.

لە دواى دەستپێکردنەوەى شەڕى نێوان حکومەتى تورکیا و پەکەکە، حکومەتى تورکیا لە چەندین ناوچەى باکووری کوردستان قەدەغەى هاتووچۆ و بارى نائاسایى سەربازیى ڕاگەیاندووە و بەو هۆیەوە شارەکانى جزیرە، سلۆپى، گەڤەر، نسێبین، ناوچەى سوورى ئامەد، کەربۆران، شڕنەخ لەلایەن سوپاى تورکیاوە گەمارۆدران و هێرشیان کرایە سەر و سوپا و حکومەتى تورکیا زۆربەى ئەو شوێنانەیان وێرانکرد و زیاتر لە ٥٠٠ هەزار هاووڵاتیشیان ئاوارە کرد.

لە بەردەوامى پێشهاتەکانى باکوورى کوردستاندا و دۆخى کۆتایهاتن بە پرۆسەى ئاشتى حکومەتى تورکیا تا ئیستا نزیکەى ١٢ هەزار ئەندام و بەڕێوەبەرى هەدەپە و دەبەپەى زیندانیکردووە، ١٠ پەرلەمانتارى هەدەپە، ٨٢ هاوسەرۆک شارەوانیى دەبەپە و سەڵاحەدین دەمیرتاش هاوسەرۆکى هەدەپە و فیگەن یوکسەکداغ هاوسەرۆکی پێشووی هەدەپە و سەباحەت تونجەل هاوسەرۆکى دەبەپەیان لەناودایە.

شەڕى نێوان گەریلاکانى پەکەکە و هێزەکانى سوپاى تورکیا ماوەى نزیکەى ٣٣ ساڵە بەردەوامە و لەو ماوەیەدا نزیکەى ٤٠ هەزار کەس کوژراون.

ر.م