×

گەورەترین ھەوڵی راکردنی ژنانی چەکدارانی داعش لە کەمپی ھول شکتیھێنا

 2020-09-14
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
روانگەی سووری بۆ مافەکانی مرۆڤ بڵاویکردەوە، گەورەترین ھەوڵی راکردنی ژنانی چەکدارانی داعش لە کەمپی ھول شکتیھێنا کە چوارەم ھەوڵی راکردنە لە ماوەی مانگ و نیوێکدا.

روانگەی سووری تایبەت بە مافەکانی مرۆڤ لە رۆژئاوای کوردستان رایگەیاند، ئەو ژنە چەکدارانەی داعش بەڕەگەز سووری و عیراقی بوون و ژمارەیەکی زۆر منداڵیشیان لەگەڵدا بووە، بەڵام ھێزە ئەمنییەکانی کەمپەکە بە یارمەتیی یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) توانیویانە رێگرییان لێ بکەن و شکست بە ھەوڵەکەیان بھێنن.

شکستپێھێنانی ھەوڵی راکردنی ئافرەتانی کەمپی ھول یەکەمجار نییە و تەنھا لە مانگی رابردوودا سێ ھەوڵی لەو شێوەیە شکستیھێناوە.

ھەڵاتنی ئافرەتانی کەمپەکە شتێکی نوێ نییە و چەند جارێکی تر روویدا و ھەندێک جاریش سەرکەوتوو بوون و خۆیان گەیاندووەتە دەستی ھێزە ئۆپۆزسیۆنەکانی سوریا کە لە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی تورکیادایە و ھەندێکیشیان خۆیان گەیاندووەتە سنوری دەسەڵاتی حکومەتی سوریا.

کەمپی ھول دەکەوێتە شارۆچکەی ھول لە رۆژھەڵاتی شاری حەسەکە سەر سنوری عێراق سوریا و دەکەوێتە ژێر دەسەڵاتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات ، زیاتر لە ٣٠ ساڵە کەمپەکە دروستکراوە و سەرەتا لە ‌شەڕی کەنداو بۆ ئاوارە عێراقییەکان دروستکرا و دواتر لەشەڕی ئەمریکا دژی عێراق لە ٢٠٠٣ و پاشان لە ٢٠١٤ بەدواوە بووە ناوچەیەکی گرنگی چەکدارانی داعش و خانەوادەکانیان.

دوای لەناوبردنی داعش زیاتر لە ١٢ ھەزار کەس لە ئافرەت و منداڵی کەس وکاری چەکدارانی داعش خرانە نێو کەمپەکەوە و زۆرجاریش رێکخاروەکانی مافی مرۆڤ ھۆشداری دەدەن لە بڵاوکردنەوەی بیری توندڕەوی و لایەنگیری بۆ گروپە چەکدارییەکان لە نیو کەمپەکەدا.

 


‌نوێترین