×

بە گوللەی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کۆڵبەرێک کوژراو و دوو کۆڵبەریش بریندارکران.

 2020-09-14
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
رێکخراوی ھەنگاو بڵاویکردەوە، کۆڵبەرێک لە شنۆ بە دەستڕێژی گوللەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران کوژراو و دوو کۆڵبەریش لە سنورەکانی بانە و نەوسود بریندارکران.

رێکخراوی ھەنگاو  کە تایبەتە بە مافی مرۆڤ لە رۆژھەڵاتی کوردستان بڵاویکردەوە، دوێنێ ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە سنورەکانی شاری شنۆ تەقەیان لە کۆڵبەرێک بە ناوی سەلاحەدین عیسازادە کردووە و بە سەختی برینداریان کردووە و دوای دەستبەسەرکردنی و ئەشکەنجەدانی بە تەقەی ڕاستەوخۆ کوشتویانە.

عیسازادەی تەمەن ٤٥ ساڵ خەڵکی گوندی شێوەسماکی سەربە شاری شنۆ بووە دوایی کوژرانی تەرمەکەیان گواستوەتەوە بۆ پەیمانگی پزیشکی دادوەری شاری نەغەدە.

ھەنگاو بڵاویکردۆتەوە، دوێنێ یەکشەممە، کۆڵبەرێکی خەڵکی بانە بە ناوی "بارزان" لە سنوری ھەنگەژاڵ بە تەقەی راستەوخۆی ھێزە چەکدارەکانی ئێران قاچی بەسەختی پێکراوە و رەوانەی ناوەندە پزیشکییەکانی ئەو شارە کراوە.

ھاوکات رۆژی شەممەش کۆڵبەرێکی گوندی قوڵقوڵە سەر بە شاری سەلاسی بە ناوی فاتیح مەحمودی تەمەن ٣٤ ساڵ لە سنورەکانی نەوسود لە کاتی ھەڵاتن لە دەستی ھێزە چەکدارەکانی ئێران لە ھەڵدێرێکەوە بەربوەتەوە وبەسەختی بریندار بووە.

 


‌نوێترین