×

حکوومەتی عێراق: "ساڵی داھاتوو سەرژمێری گشتیی ئەنجام دەدەین"

 2021-11-13
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم


وەزارەتی پلاندانانی عێراق رایگەیاند کە لە میانی ساڵی داھاتوودا، سەرژمێری گشتیی ئەنجام دەدرێت.

بریکاری وەزارەتی پلاندانان، ماھر حەماد لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە بڕیاربوو، سەرژمێری گشتیی لە ساڵی رابردوودا ئەنجام بدرێت، بەڵام بەھۆی دواکەوتنی پەسەندکردنی بوودجەی گشتیی لە ئەنجوومەنی نوێنەران و قەیرانی تەندورستیی ئەنجام نەدرا و گوتی: "بەردەوامین لە ھەوڵەکانمان بۆ ئەنجامدانی پرۆسەکە".

ماھر حەماد باسی لەوەش کردووە کە لە میانی ساڵی داھاتوودا، سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجام دەدرێت و گوتی: "١٢٠ بۆ ١٥٠ ملیار دینار بۆ ئەنجامدانی سەرژمێری گشتیی، تەرخان دەکرێت".

بەپێی زانیارییەکان لەنێوان ساڵانی ١٩٢٧ تاوەکو ١٩٩٧، حەوت سەرژمێری گشتیی لە عێراق ئەنجامداوە، ئەوانیش لە ساڵانی ١٩٢٠، ١٩٤٧، ١٩٥٧، ١٩٦٥، ١٩٧٧، ١٩٨٧، ١٩٩٧دا ئەنجامدراون و لە دوایین سەرژمێریدا ژمارەی دانیشتووانی عێراق گەیشتبووە، ١٩ ملیۆن و ١٨٤ ھەزار و ٥٣٤ کەس.

بەپێی دوایین ئامار کە لە سەرەتای ئەمساڵەوە لەلایەن وەزارەتی پلاندانانی عێراق بڵاوکرابوویەوە، ژمارەی دانیشتوانی عێراق گەیشتووەتە، ٤٠ ملیۆن و ١٥٠ ھەزار کەس.


‌نوێترین