×

ھیومان رایتس وۆچ: جێگەی نیگەرانییە لە ھەرێم لەسەر رادەربڕین خەڵک دەدرێتە دادگا

 2022-01-13
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ رایگەیاند، حکومەتی ھەرێم لە رێگەی دادگاییکردن رۆژنامەنوس و چالاکوانانەوە پەیامێکی بە بێدەنگی داوەتە رۆژنامەنوسان و چالاکوانان کە ھەرکەس رەخنە بگرێت ئەمە چارەنوسی دەبێت.

لە نوێترین راپۆرتی ٢٠٢٢دا، رێکخراوی نێودەوڵەتی چاودێریکردنی مافەکانی مرۆڤ "ھیومان رایتس وۆچ" کە بەشێکی تایبەتی بۆ رەوشی مافەکانی رۆژنامەنوسان و چالاکوانان تەرخان کردووە، تیایدا ھاتووە، بە درێژایی ساڵی ٢٠٢١ حکومەتی ھەرێم چەندین دۆسیەی لە دژی ژمارەیەک چالاکوان و رۆژنامەنوس بەھۆکاری نوسینەکانیان لە دادگا جوڵاندووە.

ئاماژەی بەوەشداوە، جگە لەوەی دادگاییکردنەکانیان خاڵی نەبووە لە نادادپەروەری و دەستوەردانی سیاسی لەلایەن بەرپرسە باڵاکانەوە، ھەروەھا، دادگا رەتیشی کردەوە لێدوان لە راگیراوەکان لە ژێر فشار و ئەشکەنجەدا وەرگیرابێت.

لەلایەن خۆیەوە بەلقیس والی توێژەر لە بەشی قەیرانەکان لە رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ ئاماژەی بەوەداوە، جێگەی نیگەرانییە دەسەڵاتی ھەرێمی کوردستان لەسەر را دەربڕین خەڵکی دەداتە دادگا، لەکاتێکدا دەبوو حکومەت پارێزەریان بێت.

بەگوێرەی راپۆرتەکەی ھیومان رایتس وۆچ، دەستدرێژییەکان لە عێراق، دەستگیرکردنی بەزۆر و رفاندن و شاردنەوەی بەزۆر و کوشتن لەدەرەوەی یاساشی گرتووەتەوە.
دەشڵێت، تەنانەت لە ئەنجامی نەبوونی لێپرسینەوە لە بەرپرسان و کەمتەرخەمییەکان ھێرش کرایە سەر مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق و ھەوڵی کوشتنی درا لە ٧ی تشرینی دووەمی ٢٠٢١دا.

لە بەشێکی دیکەی راپرۆتەکەدا ھاتووە، مستەفا کازمی سەرۆک وەزیرانی عێراق لیژنەیەکی پێکھێنا بۆ لێکۆڵینەوە لەو کەسانەی خۆپیشاندەرانیان کوشت لە تشرینی یەکەمی ٢٠١٩ و تا کۆتاییەکانی ٢٠٢٠ بەردەوامی ھەبوو کە بەھۆیەوە ٤٨٧ کەس کوژران، بەڵام تا ئێستا لیژنەکە ھیچ ئەنجامێکی لیکۆڵینەوەکەیان ئاشکرا نەکردووە.

 


‌نوێترین