×

بانکی نێودەوڵەتیی باس لە گەشەی ئابوریی عێراق دەکات

 2022-01-13
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
بانکی نێودەوڵەتیی لە نوێترین راپۆرتیدا لەبارەی گەشەی ئابوریی وڵاتان پێشبینیکردووە لەدوو ساڵی داھاتوودا عێراق لەناو وڵاتانی عەرەبیدا بەرزترین ئاستی گەشەی ئابوریی تۆمار بکات.

بەپێی راپۆرتەکەی بانکی نێودەوڵەتیی پێشبینی دەکرێت لەساڵی ٢٠٢٢ دا عێراق لە ناو وڵاتانی عەرەبیی و ئێراندا گەورەترین گەشەی ئابوریی تۆمار بکات و بگاتە لەسەدا ٧.٣ ، لەکاتێکدا لە ساڵی ٢٠٢١ گەشەی ئابوریی عێراق لەسەدا ٢.٦ بوو، ھەروەک ساڵی ٢٠٢٠یش ئابوری ئەو وڵاتە لەسەدا ١٥.٧ پاشەکشەی کردبوو. 

پێشبینی ئەوەشی کردووە کە گەشەی ئابوریی عێراق تاوەکو ساڵی ٢٠٢٣ لەپێش سەرجەم وڵاتانی ترەوە بێت، بەڵام ئەو گەشەیە بۆ لەسەدا ٦.٣ کەمببێتەوە.

سەبارەت بە گەشەی ئابوریی وڵاتانی تری ناوچەکە، بانکی نێودەوڵەتیی وتویەتی" پێشبینی دەکرێت گەشەی ئابووریی سعوودییە لەساڵی ٢٠٢٢ بەڕێژەی لەسەدا ٤.٩ بێت، ھەروەک قەتەر لەسەدا ٤.٨، کوێت لەسەدا ٥.٣ ، میسر لەسەدا ٥.٥، ئیمارات لەسەدا ٤.٦، بەحرێن لەسەدا ٣.٢، ئێران لەسەدا ٢.٤، ئوردن لەسەدا ٢.٣، جەزائیر لەسەدا ٢، عوممان لەسەدا ٣.٤ گەشە بکەن.

بانکی نێودەوڵەتیی ھەروەک ئاماژەی بەوەکردووە، لەگەڵ بەرزبوونەوەی نرخی نەوت پێشبینیی دەکرێت گەشەی ئابووری ناوچەی رۆژھەڵاتی ناوەراست و باکووری ئەفریقیا زیاتر بەرزببێتەوە و بگاتە لەسەدا ٤.٤ لەساڵی  ٢٠٢٢ دا، لەکاتێکدا لەمانگی تەمموزی ساڵی ٢٠٢١ پێشبینی کردبوو گەشەی ئابووریی ناوچەکە لەساڵی ٢٠٢٣ لەسەدا ٣.٤ بێت.

 


‌نوێترین