×

پێنجوێن داوای بەھاناوەچوون دەکات

 2022-01-23
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
بەھۆی بارینی بەفرێکی زۆر و نزمبوونەوەی پلەکانی گەرما، قائیمقامی قەزای پێنجوێن داوای بەھاناوەچوون دەکات و دەڵێت، لەو دۆخەدا کە وەک کارەسات وایە بۆ ھاووڵاتیان حکومەت پێنج کاتژمێر کارەبای قەزاکەی کەمکردووەتەوە و ڕێگای نیوەی گوندەکانیش گیراون.

زانا عەبدولرەحمان، قایمقامی پێنجوێن بە میدیاکانی ڕایگەیاندووە، " پلەی گەرمی ئەمڕۆ لە قەزاکەیاندا ٢٥ پلە ژێر سفر بووە و لە نێو ئامێری ساردکەرەوە ساردتربووە، بارودۆخەکە وەک کارەسات وایە و دۆخی ھاووڵاتیان زۆر خراپە، ئەوەی ھەیە بەستویەتی، تانکی سەربان، بۆری ئاوی ڕەئیسی، ھەمووی بەستویەتی".  

راشیگەیاندووە، "لەم دۆخەی قەزاکەدا، حکومەت لەبری ھاوکاریکردن پێنج کاتژمێر کارەبای قەزاکەی کەمکردووەتەوە، پێشتر ٢٤ کاتژمێر بوو، چونکە لێرە کارەبای نیشتیمانیش بە جۆزەیە، بەڵام ئێستا کەمکراوەتەوە بۆ ١٩ کاتژمێر، ئەوەش کاریگەریی زۆری لەسەر ھاووڵاتیان دروست کردووە."   

قائیمقامی قەزاکە باسی لەوەشکرد، "ڕێگای ٥٠%ی گوندەکان گیراون و ڕێگای ھاتوچۆیان نییە، ئەوەش چونکە حکومەت ژمارەیەک ئامێری بەکەڵک نەھاتوو و خراپبووی بۆ ناردووین و تائێستا نەتوانراوە ڕێگای ئەو گوندانە بکرێنەوە، بۆیە دەبێت دوعا بکەین کەس نەخۆش نەکەوێت، چونکە ڕێگا نییە بگەیەنرێتە نەخۆشخانە."  

ئاماژەی بەوەشکرد، "لەمساڵدا یەک بەرمیل نەوت بە ھاووڵاتیان دراوە لە پایزدا و زۆرینەی سەرفی کردووە، بۆیە داوا دەکەین ھەر ماڵێک بەرمیلێک نەوتی دیکەی پێبدرێت، کارەباکەمان بکرێتەوە بە ٢٤ کاتژمێری و ئامێریش بنێرن بۆ پاککردنەوەی ڕێگای گوندەکان." 

ماوەی ھەفتەیەکە شەپۆلێکی بەفربارینی چڕ و دابەزینی پلەکانی گەرما ھەرێمی کوردستانی گرتووەتەوە، لەزۆربەی ناوچەکان پلەکانی گەرما بۆ ژێر سفری سەدی دابەزیون، بەڵام دۆخەکە لە قەزای پێنجوێن جیاوازترە و بەشێوەیەکە کە ئەمڕۆ پلەی گەرمی بۆ ٢٥ پلە ژێر سفری سەدی دابەزیوە.

 


‌نوێترین