×

دواین ئاماری شەری زیندانی حەسەکە بڵاوکرایەوە

 2022-01-24
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆچ رایگەیاند، لەماوەی حەوت رۆژی شەری زیندانی غوێران لە حەسەکە زیاتر لە ١٥٠ کەس کوژراون.

روانگەی سوری بۆ مافەکانی مرۆچ رایگەیاند، ١٠٢ کەس لە چەکدارانی داعش کوژراون و ٤٥ کەسیش لە ھێزەکانی سوریای دیموکرات ھەسەدە لەگەل حەوت کەسی مەدەنی کوژراون. 

ئاماژەبەوەشکراوە، چەکدارانی داعش لەکاتی ھێرشکردنیان بۆ زیندانیەکە دەستیانگرتووە بەسەر کۆگای چەک و تەقەمەنی زیندانیەکەدا.

بە وتەی فەرماندەیی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ھێرشبەرە دەستگیرکراوەکانی داعش دانیان بەوەداناوە کە بە نزیکەی ٢٠٠ خۆکوژەوە ھێرشیان کردووەتە سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە بۆ ئازادکردنی زیندانییەکانی داعش.  

ھەرچەندە ھەسەدە و ھێزە ناوخۆییەکانی ئیدارەی خۆجێی ئاشکرایان نەکردووە کە ژمارەی ھەلاتووەکانی نێو زیندانیەکە چەند کەس بوون، بەڵام بەپێی ئاژانسی ئەعماق کە بالی راگەیاندنی داعشە باسی لەوەکردووە زیاتر لە ٨٠٠ کەسیان ھەلاتوون. 

ھەفتەی رابردوو زیندانی غوێران لەحەسەکە گرژی و ئاڵۆزی بەخۆوە بینی، کاتێک داعش ھێرشیکردە سەری بەمەبەستی ئازادکردنی زیندانییەکان، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیموکرات روبەڕوویان بوونەتەوە و ھەوڵەکانیان تێکشکاندووە.  

 


‌نوێترین