بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیو بومەلەرزەزانی ھەرێم ڕایگەیاند، لەشەوی چوارشەممەوە شەپۆلێکی بارانو بەفربارین زۆربەی ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی کەشناسیو بومەلەرزەزانیی ھەرێم لەڕاگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە، "شەوی چوارشەممە نزمە پاڵەپەستۆی دەریای سپی ناوەڕاست ڕوو لەناوچەکەمان دەکاتو ڕۆژی پێنجشەممەش کاریگەری ئەم شەپۆلە لەسەر ناوچەکەمان چالاکتر دەبێت تەواوی ناوچەکەمان دەکەوێتە ژێر کاریگەری ئەم شەپۆلە لەگەڵ بارانبارین، بارستە ھەوایەکی ساردیش یاوەری ئەم نزمە پاڵە پەستۆیە دەکاتو بەفربارینیش لەسەر ناوچە شاخاوییەکان دەستپێدەکات".
ئەوەشخراوەتەڕوو، لەسەنتەری پارێزگای ھەولێر نمە بارانو ناوچەکانی تر بارانی مامناوەندی دەبێت، لەسەر ناوچە شاخاوییەکانیش بەفربارین دەبێت بەتایبەت ئەو ناوچە شاخاویانەی لەسەروی ١٧٠٠م لەسەر ئاستی ڕوی دەریاوە بەرزن، سەنتەری سلێمانیو ھەڵەبجە سەرەتا نمە بارانی دەبێت پاشان بۆ بارانی مامناوەند دەگۆڕێت، لەسەر بەشەکانی تری ئەو پارێزگایانە پاشان بەفریش دەبێتو تەواوی ناوچە بەرزاییەکانی ئەو سنورە بەفربارینی دەبێت.
ئەوەشی ڕونکردۆتەوە، "ئاستی بارانی پێشبینیکراو لەسنوری پارێزگای سلێمانی لەسەروی ١٠ ملم دەبێت، لەسەنتەری دھۆکیش لەگەڵ نمە باران ھەندێکجار ئەگەرێکی کەمی بەفربارینیش ھەیەو تەواوی ئەو ناوچە شاخاوییانەی کە بەرزیان لەسەروی ١٥٠٠م لەسەر ئاستی ڕوی دەریاوەیە".
لەسەنتەری کەرکوکیش نمە باران دەستپێدەکاتو کاریگەری ئەم شەپۆلە تا کاتەکانی بەرەبەیانی ڕۆژی ھەینی لەسەر ناوچەکە دەمێنێتەوە، لە ماوەی ئەم شەپۆلەدا نزمبونەوەی بەرزترین پلەکانی گەرما دەبێت بەدوو تا سێ پلە بەبەراورد بەئەمڕۆ لەگەڵ بەرزبونەوەیەکی کەم لەنزمترین پلەکانی گەرما.