×

پارتی: کورسییەکانمان دوو بەرامبەری یەکێتییە، پۆستی سەرۆک کۆمار مافی ئێمەیە

 2022-01-25
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
ئەندامێکی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، "پارتی کورسییەکانی دوو بەرامبەری یەکێتییە و بەپێی ئیستحقاقی ھەڵبژاردن و ھەم بەپێی پێگەی خۆی مافی خۆیەتی بەرژێری بۆ پۆستی سەرۆک کۆمار ھەبێت، دڵنیاشین لەوەی کاندیدی ئێمە سەردەکەوێت و پۆستەکە بەدەستێنێت".

ئەحمەد کانی، بە میدیای حزبەکەی ڕاگەیاندووە، "بە ھی خۆزانینی پۆستی سەرۆک کۆمار لەلایەن یەکێتییەوە بنەمایەکی پتەوی نییە. مامەڵەکردەنی ئێمە لەگەڵ یەکێتی وەک خۆی بووە، زۆرجاریش گوتومانە بەدیلی یەکێتی ھەر یەکێتییە، بەڵام لە راستیدا ئێستا یەکێتی کێشەی ناوخۆی ھەیە، پێدەچێت رەنگدانەوەی ئەو کێشانە وایلێکردبێت لە زۆر شوێن تووشی کێشە بێت، ئەگەرنا لەسەر چ بنەمایەک پۆستێک لە بەغدا کە مافی ھەموو کوردە یەکێتی بە ھی خۆی دەزانێت؟".  

وتیشی، "کاتی خۆی رێککەوتنی ستراتیژی لەنێوان پارتی و یەکێتی ھەبوو، کە مام جەلال لە بەغدا سەرۆک کۆمار بێت و بارزانی، سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بێت، بەڵام ئێستا نە مام جەلال ماوە و نە سەرۆک بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستانە، جگە لەوەش رێککەوتنی ستراتیژی نەماوە، یەکێتی خۆیان ئەوەیان راگەیاندووە، ساڵانێکە برادەرانی یەکێتی دەڵێن، شتێک نەماوە بەناوی رێککەوتنی ستراتیژی".

 


‌نوێترین