×

بایدن: بەردەوام دەبین لە ھاوکاریکردنی پێشمەرگە و ھەسەدە

 2022-02-03
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
سەرۆکی ئەمریکا رایگەیاند، "بەردەوام دەبین لە ھەماھەنگی و کارکردن لەگەڵ ھاوبەشەکانمان بۆ روبەڕوبونەوەی "تیرۆرستان" بەتایبەت ھێزەکانی پێشمەرگە و ھێزەکانی سوریای دیموکرات".

جۆ بایدن لە وتارێکدا رۆژی پێنچشممە  رایگەیاند، دوای ئەوەی ئیبراھیم قوڕەیشی خەلیفەی دوەمی داعش لەماڵەکەی خۆیدا گەمارۆ درا، خۆی تەقاندوەتەوە و سەرجەم ئەندامانی خێزانەکەشی کوشتوە.

جۆ بایدن لەوتارەکەیدا ئاشکرایکرد، "ئێمە بەردەوام دەبین لە ھەماھەنگی و کارکردن لەگەڵ ھاوبەشەکانمان بۆ روبەڕوبونەوەی تیرۆر لە سوریا و بەتایبەت ھێزەکانی سوریای دیموکرات، ھەروەھا لە ‌سنورەکانی لە عێراقیش لەگەڵ ھێزە عێراقیەکان بەردەوام دەبین لەکارکردن و ھەماھەنگی، بە تایبەت ھێزەکانی پێشمەرگەی کوردستان".

وتیشی،"ھێرشی سەر زیندانی غوێران لە حەسەکە بە فەرمانی ئەبو ئیبراھیم قوڕەیشی بوە و ھەر ئەویش بەرپرس بوە، بەڵام ھێزەکانی سوریای دیموکرات (ھەسەدە) ئازایانە روبەڕویان بونەوە و شکستیان بەھەوڵەکەیان ھێنا".

سەرۆکی ئەمریکا زیاتر وتی، ئیبراھیم قوڕەیشی کەسێکی ترسنۆک بووەوە و دەشڵێت "ھیچ بیری لە ئەندامانی خێزانەکەی نەکردۆتەوە لەکاتێکدا لەنزیکی بوون و خۆی تەقاندەوە و کۆتایی بەژیانی خۆی و سەرجەمیان ھێنا، لەکاتێکدا ئێمە لەبەر ژن و منداڵەکان بە ‌فڕۆکە ماڵەکەیمان نەکردە ئامانج بۆ ئەوەی کەسانی بێتاوان نەبنە قوربانی". 

 


‌نوێترین