×

فازڵ نەبی: شاندەکانی ھەرێم بۆ بەغدا، کەسانی پسپۆڕی داراییان تێدا نییە

 2020-11-19
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عیراق رەخنە لەو شاندانەی ھەرێمی کوردستان دەگرێت، کە دەچنە بەغدا، بەوەی کەسانی پسپۆڕی داراییان تێدا نییە، ھۆشداریش دەدات لە دابەزینی بەھای دراوی عیراقی و دروستبوونی ھەڵاوسان.

فازڵ نەبی بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق، بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، رەخنەی لە حکومەتی ھەرێم ھەیە بەوەی لە ناردنی خەڵک بۆ بەغدا ھەرگیز نەیتوانیوە خەڵکی پسپۆڕی دارایی بنێرێت بۆ ئەوەی راستیی بارودۆخەکان باس بکەن و قەناعەت بە حکومەتی بەغدا بکەن، کە چی راستە و چی دەستورییە.

بریکاری پێشوی وەزارەتی دارایی عێراق ئاماژەی بەوەشکردووە، بەردەوامبوونی عیراق لە قەرزکردن، یەدەگی بانکی ناوەندی بۆ ٥٢ ملیار دۆلار دابەزیووە، ئەگەر بۆ ٣٦ ملیار دۆلار دابەزێت، ئەوا ئابوریی عێراق بەرەو داروخان دەڕوات، چونکە دراوی عیراقی وەکو تمەنی ئێرانی و لیرەکی تورکی بێ نرخ دەبێت، ئەو کاتە ھەڵاوسانێکی زۆر دروست دەبێت.

دوپاتیدەکاتەوە، قەرز بۆ عیراق بژاردەیەکی باش نییە، چونکە ئەو قەرزە کاریگەریی سلبی زۆرە و ھەمیشە وەرگرتنی قەرز لە جیھان بۆ پرۆژەی وەبەرھێنانە و دواتر لە داھاتی پڕۆژەی وەبەرھێنانەکە بتوانێت قەرزەکانی بداتەوە،‌ بەڵام کاتێک بۆ موچە بەکاریدەھێنێت، دەبێت دواتر خودی قەرزەکە و سودی سەر قەرزەکەش لەخەزێنەی دەوڵەت بدرێت، ئەمە وادەکات لە داھاتودا دیسان ھەر لەناو قەیرانێکی تری ئابوریدا بژی.

فازڵ نەبی راشیگەیاندوە، ئەگەر سەرۆک کۆمار یاسای قەرز بۆ کورتھێنانی دارایی پەسەند نەکات، ١٤ رۆژ ئەو یاسایە بەھەڵواسراوی دەمێنێتەوە و دواتر ئەو یاسایە بەپەسەندکراو حساب دەکرێت، ئەو پرسە سیاسییە و بە حکومەتەکانی ھەرێم و فیدراڵ چارەسەر ناکرێت.

فازڵ نەبی دەشڵێت، پۆستی بریکاری وەزارەتی دارایی عێراق لە بەغدا، کە پشکی کوردە و چەند ساڵێکە بە بەتاڵی ماوەتەوە، زۆر دەسەڵاتی زیاترە لە سەرۆک کۆمار و گرنگترە بۆ کورد.

 


‌نوێترین