×

سوپای پاسداران: ھیچ ناوچەیەک پارێزراو نابێت کە بەرژەوەندییەکانمان بکاتە ئامانج

 2020-11-19
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ھۆشداری داوەتە وڵاتانی ناوچەکە و رایگەیاند، ھیچ ناوچەیەک پارێزراو نابێت کە لێیەوە بەرژەوەندییەکانی بکاتە ئامانج.

حسێن سەلامی، فەرماندەی گشتی سوپای پاسدارانی ئێران ئەمڕۆ پینچشەممە رایگەیاند، لێدان لە بەرژەوەندیەکانی تاران لە ھەر وڵاتێک و ناوچەیەک بێت ئەوا ئەو وڵات و ناوچەیە دەکرێتە ئامانجی ھێرشەکانیان.

ئاماژەی بەوەشکرد، پارێزگاریکردن لە ئاسایش و بەرژەوەندیەکانی وڵاتەکەی سنوری جوگرافیای نیە.

ئەوە جاری یەکەم نیە ئێران ھەڕەشە لە وڵاتانی ناوچەکە نەکات و لەسەرەتای ئەم مانگەدا، فەرماندەی گشتی سوپای پاسداران داوای لە ھێزی ئاسمانی وڵاتەکەی کردبوو کە لە حاڵەتی ئامادەباشیدابن بۆ روبەروبوونەوەی دوژمن و پەنجەکانیان لەسەر پەلەپیتکەی چەکەکانیان بێت.

ھاوکات سەعید خەتیب زادە، وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێرانیش رایگەیاند، رێکارەکانی ئەمریکا بۆ سەپاندنی سزای نوێ بۆسەر وڵاتەکەی مایەی "نائومێدی و شکستخواردنە"، چونکە فشارەکانیان بە سەپاندنی سزای زیاتر ھیچ ئەنجامێکی نەبووە.

دوێنێ چوارشەممە، وەزارەتی خەزێنەی ئەمەریکا سزای نوێی خستە سەر وەزیری ئیتلاعات و دەزگای ناسراو بە بونیادی موستەزعەفانی ئێنقلابی ئیسلامی و دەیان کەسایەتی ئەو دەزگایەدا.

 


‌نوێترین