×

فراکسیۆنی نەوەی نوێ: ھەر کاتێک موچە دوابکەوێت دەسەڵات پرسێک بۆ مەشغوڵکردنی خەڵک دروستدەکات

 2020-11-19
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، "کاتێک موچە دوادەکەویت دەسەڵات بابەتێک بۆ مەشغوڵکردنی خەڵک دروستدەکات بۆ ئەوەی موچە دابەش نەکات."

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان چەند تێبینیەکیان لەسەر یاداشتی تایبەت بە گرێبەستی ٥٠ ساڵی نێوان ھەرێم و تورکیا خستەڕوو و ئەوەی تیادا ھاتووە، "ئەو لایەنەی ئیمزای کۆکردووەتەوە یەکێتییە، کە خۆی چەندین ساڵە شەریکە لەم دزییەدا و ئاگاداری دۆسیەکەیە و ھەردوو جێگری سەرۆک وەزیران عیماد ئەحمەد و قوباد تالەبانی دەڵێن ئێمە ئاگادارین."

باس لەوەشکراوە، "یەکێتی خۆی بەشدارە لە حکومەت و جێگری سەرۆک وەزیرانی ھەیە، کە  ئەندامی لیژنەی نەوت و گازە، بۆیە ئەم یاداشتانە تەنھا بۆ موزایەدە و بەلاڕێبردنی سەرنجی ھاوڵاتییانە بۆ لە بیربردنەوەی موچە."

ئاماژە بەوەشکراوە، "ئەوانەی ئەمڕۆ  پێشڕەوی ئەو یاداشتە دەکەن و ئەو ئیمزایانەیان کۆکردووەتەوە، ھەمان ئەو پەرلەمانتارانەن چەند ھەفتەیەک پێش ئێستا لەناو پەرلەمان دەستیان بەرزکردەوە و متمانەیان دایەوە بەم حکومەتە، ئەمە دووفاقیە لەلایەکەوە یاداشت ئیمزادەکەن و لەلایەکی ترەوە دەنگ دەدەنەوە بەم حکومەتە کە موچەی خەڵکی بڕیوە."

ئەوەش ھاتووە، "ئەم گرێبەستە ٥٠ ساڵیە زۆر روونە، کە جگە لە بەتاڵانبردنی نەوتی ھەرێم و پێدانی پارەیەکی زۆر بۆ کرێی بۆریەکە، ھاوکات رێککەوتنی ئەمنیشی تێدایە و تەنانەت بەرھەم ساڵح سەرۆک وەزیران بوو ئەوکاتەی ئاشتی ھەورامی و نێچیرڤان بارزانی چوونە تورکیا و ڕێککەوتن و یەکێتی و سەرۆک وەزیرانەکەی ھیچ ھەڵوێستێکی نارەزاییان نەبوو.

فراکسیۆنی نەوەی نوێ لە پەرلەمانی کوردستان راشیگەیاندووە، "ئێمە نابینە بەشێک لەم نمایش و یاریە ساختەیە، کە بۆ مەشغوڵکردنی خەڵکە و ئیمزامان ناخەینە پاڵ ئیمزای یەکێتی کە خۆی چەندین ساڵە شەریکە لە دزی و لە حکومەتدا."

رۆژی یەکشەممە، نێچیرڤان بارزانی سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ جاری یەکەم بە ئاشکرا دانی بەوەدا نا، کە لەسەر نەوت رێککەوتنی پەنجا ساڵەیان لەگەڵ تورکیا کردووە، بەڵام وتی، ئەو رێککەوتنە کاریگەری نابێت لەسەر رێککەوتنیان لەگەڵ بەغدا.

دوابەدوای ئەوەش، ٣٢ پەرلەمانتاری پەرلەمانی کوردستان، کە بەشێکیان لە فراکسیۆنی یەکێتی بوون، داوای بانگھێشتکردنی حکومەتی ھەرێمیان کرد تا لە دانیشتنەکەدا گرێبەست و ناوەڕۆکەکەی ئاشکرا بکەن.

 


‌نوێترین