×

عێراق ھێزێکی زۆری رەوانەی شنگال کرد

 2020-11-21
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
حکومەتی عێراق ھێزێکی پۆلیسی فیدراڵی کە ژمارەیان زیاتر لە دوو ھەزار کەس دەبێت، لە چوارچێوەی رێککەوتنی شنگالدا رەوانەی ئەو قەزایە کردووە.

حەیدەر شەشۆ، لێپرسراوی ھێزی پاراستنی ئێزیدخان لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، ژمارەی ھێزەکەی پۆلیسی فیدراڵی زیاترە لە دوو ھەزار چەکدار، بۆ دوو مەبەست ھاتوون،‌ یەکەم بۆ وەرگرتنەوەی ئەو فەرمانگەو بارەگایانەی لەژێر دەستی یەبەشەدان، دووەم بۆ پاراستنی سنوری نێوان عێراق و سوریا لە ھەر جوڵەیەکی سەربازی نەخوازراو.

ئاماژەی بەوەشکرد، "ھاتنی ئەم ھێزە وەک ئامادەکارییەکە بۆ جێبەجێکردنی رێککەوتنی شنگال، ئەوەش لە ‌بەرژەوەندی خەڵکی شنگالدایەو ئێمە ھیوادارین یەبەشەو ھێزەکانی تر بەبێ ھیچ ئاڵۆزی و گرژییەک ناوچەکە چوڵبکەن".

یەکینەکانی بەرخۆدانی شنگال (یەبەشە) و ژمارەیەک ھێزی تری نزیک لە پەکەکە، لە ساڵی ٢٠١٥ لە شنگال و ناوچەکانی دەوروبەری جێگیربوون و پێکھێنران، ئەوەش دوای ھێرشی داعش بۆ ئەو قەزایەو بە ئامانجگرتنی ئێزیدییەکان، رۆڵیان ھەبوو لە کۆنترۆڵکردنەوەی شنگال لە دەستی داعش.

بەپێی رێککەوتنی حکومەتی فیدراڵ و ھەرێمی کوردستان، قایمقامێکی نوێ بۆ شنگال دادەنرێت و بە پۆستە ئیدارییەکانی دیکەی قەزاکەدا دەچنەوە، لە پاڵ ئەوەشدا دۆسیەی ئەمنی شنگال دەدرێتە پۆلیسی ناوخۆیی، دەزگای ھەواڵگری، دەزگای ئاسایشی نیشتمانی بە ھەماھەنگی ھێزە ئەمنییەکانی سەر بە حکومەتی ھەرێمی کوردستان.

 


‌نوێترین