×

ھەدەپە: مافیا و چەتەکان بۆیان نییە بەرانبەر دەمیرتاش دەمبکەنەوە

 2020-11-26
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
پارتی دیموکراتی گەلان ھەدەپە وەڵامی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی مەھەپەی داوەتەوە و دەڵێت، مافیا و چەتەکان مافی ئەوەیان نییە لەسەر دەمیرتاش قسە بکەن.

دوای ئەوەی دەوڵەت باخچەلی، سەرۆکی پارتی بزوتنەوەی نەتەوەپەرست "مەھەپە" لە کۆبوونەوەی فراکسیۆنی پارتەکەی لە پەرلەمانی تورکیا، سەڵاحەدین دەمیرتاش-ی بە "تیرۆریست" و کتێبی "دەوران"ی بە "پڕوپاگەندەی تیرۆر" وەسفکرد، ھەدەپە وەڵامی باخچەلی دایەوە و رایگەیاند، "پاشماوەی مافیاکان و ھاوکارانی چەتەکان و ھاوبەشانی دەسەڵات، ھەر شتێکیان لەبارەی سەڵاحەدین دەمیرتاشەوە وتبێت ھیچ بەھایەکی نییە، چونکە دەمیرتاش سیاسەتوانێکی شەرەفمەندە، بۆ بەدەستھێنانی مافەکانی گەلانی تورکیا قوربانیی داوە، بۆیە ھەوادارانی مافیاکان مافی ئەوەیان نییە بەرانبەر دەمیرتاش دەمبکەنەوە و قسە بکەن".

باخچەلی، جگە لە قسەکردن لەسەر دەمیرتاش، رەخنەی ئەوەشی لە بولەنت ئارینج، ئەندامی دەستلەکارکێشاوەی دەستەی باڵای راوێژکاریی سەرۆکایەتیی کۆماری تورکیا گرت، کە لە چاوپێکەوتنێکدا داوای لە خەڵکی تورکیا کردبوو کتێبی "دەوران"ی سەڵاحەدین دەمیرتاش بخوێننەوە، کە بەھۆیەوە بۆچونیان بەرانبەر بە کێشەی کورد دەگۆڕێت، بۆیە باخچەلی قسەکانی ئارینج-ی بە ئاماژەی نەرێنی و دەبەنگی وەسفکردبوو.

 


‌نوێترین