سەرچاوەیەکی ئەمنی رایگەیاند، ژمارەیەک ئەندامی گروپی رەبعەڵا ھێرشیانکردووەتە سەر سەنتەرێکی مەساج لە بەغدا و لە بەشێکی کارمەندەکانیان داوە کە ژنیشیان تێدایە و دواتریش بیناکەیان سوتاندووە.
بەپێی گرتەیەکی ڤیدیۆیی، کە لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبووەتەوە، ژمارەیەک چەکداری گروپی رەبعەڵا کە جل وبەرگی مەدەنییان لەبەردابووە و چەکی سوک و مامناوەندیان پێبووە و درەنگانی شەوی رابردوو ھێرشیانکردووەتە سەر سەنتەرێکی مەساج لە بەغدا و بیناکەیان سوتاندووە.
سەنتەرەکە ناوی "شیلان" بووە و لە ناوچەی کەرادەی بەغدادا بووە و تایبەتە بە مەساج، کە ئەندامانی ئەو گروپە ھێرشدەکەنە سەری و لە کەسانی ناو سەنتەرەکەش دەدەن.
ھاوکات، بەرگریی شارستانی گشتی بەغدا رایگەیاند، تیمەکانیان توانیویانە ئاگرەکە کۆنتڕۆڵبکەن و ھیچ زیانێکی گیانی لە رووداوەکەدا نەبووە.
گروپی رەبعەڵا، بە گروپێکی نزیک لە حەشدی شەعبی دادەنرێت و لەماوەی رابردوودا ئاماژەیان بەوەکردبوو، "رێگەنادەین یانە و سەنتەرەکانی مەساج لە بڵاوکردنەوەی بەدڕەوشتی بەردەوامبن."
بەپێی سەرچاوەیەکی ھەواڵگری عێراق، گروپی رەبعەڵا گروپێکی نوێیە و تازە دامەزراوە بەڵام زۆر رێکخراون و پەیوەندیان بە گروپی چەکداری جیھانیەوە ھەیە، نمونە کەتیبەی حزبوڵا.