×

عێراق.. خۆپیشاندەران داوای دەستلەکارکێشانەوەی کازمی دەکەن

 2020-11-28
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی حبوبی پارێزگای زیقار بەیانامەیەکیان بڵاوکردە و داوایان کردووە لەسەر رووداوەکانی دوێنێی شارەکە مستەفا کازمی دەستلەکاربکێشێتەوە.

لە دوای رووداوە توندوتیژیەکانی دوو رۆژی شارەکە، خۆپیشاندەرانی گۆرەپانی حبوبی پارێزگای زیقار بەیانامەیەکیان بڵاوکردۆتەوە و داوا لە عەلی سیستانی، مەرجەعی باڵای شیعەکان دەکەن سەرخەت و گیانی گەنجان و لاوانی شارەکە بپارێزێت و سزای گروپە چەکداریەکان بدات.

لە بەیانامەکەدا ھاتووە، "خەڵکی شارەکە سزای بەرپرسانی شارەکە دەدات لەسەر بێ ھەڵوێستیان لەبەرامبەر کوژرانی خۆپیشاندەران.

ھاوکات مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق فەرمانی کرد بە پێکھێنانی لیژنەیەکی لێکۆڵینەوە لەسەر روداوەکانی دوێنێی ناسرییە و رایگەیاند، دروستبونی گرژییەکانی عێراق لەبەرژەوەندی وڵاتدا نیە.

سەرۆک وەزیرانی عێراق لەدوو ھەنگاودا بە ئاڕاستەی ھێورکردنەوەی دۆخی پارێزگای زیقار فەرمانی کرد بە دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگاکە و راگەیاندنی قەدەغەی ھاتوچۆ، ھەروەھا بڕیاردرا بەھەڵوەشاندنەوەی ھەڵگرتنی مۆڵەتی چەک بەمەبەستی کەمکردنەوەی گرژییەکان.

کازمی ئاماژەی بەوەشکردووە، دروستبونی گرژییەکان لە عێراق لەبەرژەوەندی وڵاتدا نیە و لەئێستادا حکومەتی سەرقاڵی ئامادەکارییە بۆ ھەڵبژاردن، بۆیە سندوقی دەنگدان "جێگرەوەی ئاژاوەگێڕییە بۆ گۆڕانکاری".

ھۆکاری دورخستنەوەی بەڕێوەبەری گشتی پۆلیسی پارێزگای زیقار بەھۆی دروستبونی گرژی لە نێوان لایەنگرانی سەدر و خۆپیشاندەرانەوەیە، کە بەھۆیەوە چوار کەس کوژراون و زیاتر لە ٥٠ کەسیش برینداربون و بەوھۆیەوە قەدەغەی گشتی ھاتوچۆ  لە شارەکەدا راگەیەندراوە.

 


‌نوێترین