×

مەزڵوم عەبدی: ئەگەر ھێرش بکرێتەوە سەرمان داوای یارمەتی لە ھێزە کوردستانیەکان دەکەین

 2020-12-06
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
فەرماندەی گشتی ھەسەدە رایگەیاند، پەکەکە چوار ھەزار کەسی لێکوژراوە لەکاتی بەرگریکردن لە ناوچەکانی رۆژئاوای کوردستان و وتیشی، ئەگەر دووبارە ھێرشیان بکرێتەوە سەر، ئەوان دوودڵ نابن لە داواکردنی یارمەتی لە ھەر ھێزێکی کوردستانی.

مەزڵوم عەبدی، فەرماندەی گشتی ھێزەکانی سوریای دیموکرات لە لێدوانێکیدا بۆ میدیاکانی نزیک لە پەکەکەی راگەیاندووە، لە ساڵی ٢٠١٤دا بزوتنەوەی کۆمەڵگەی دیموکرات و ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد رێککەوتنێکی تایبەت بە یەکێتی کوردیان کردووە و داوای ھاوکارییان لە ھێزە کوردییەکان کردووە کاتێک شاری کۆبانی روبەڕوی ھێرشی داعش بووەوە.

مەزڵوم عەبدی باسی لەوەشکرد، دانوستانەکانی ھێزە کوردییەکان لە رۆژئاوا بەردەوامە بەڵام بۆ ماوەیەکی کەم ئەو گفتوگۆیانە وەستان ئەوەش بەھۆی ھۆکاری ھونەری و رۆشتنی نوێنەری وەزارەتی دەرەوەی ئەمریکا.

ئاماژەی بەوەشکرد، لەو گفتوگۆیانەوە گەیشتوون بەوەی ئەگەر کورد ویستی ھەبێت، توانای چارەسەرکردنی کێشەکانی نێوانیان ھەیە. ھەرچەندە ھێشتا ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد نەخراوەتە ناو ئیدارەی خۆسەری رۆژئاوا بەڵام کێشە ھەڵواسراوەکان بنەڕەتی نین و دەتوانرێت بە گفتوگۆ چارەسەربکرێن.

لەماوەی ئەمساڵدا، بەنێوەندگیری ئەمریکا ئەنجومەنی نیشتیمانی کورد و حزبەکانی دیکەی ناسراو بە تەڤدەم چەند کۆبوونەوەیەکیان کرد و گەیشتنە رێککەوتنی سەرەتایی و دواتریش گفتۆگۆکان بەردەوامیان ھەبوو.

 


‌نوێترین