×

دادگای ئیستانبوڵ سزایەکی لە دژی دەمیرتاش پەسەندکرد

 2022-02-23
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
میدیاکانی تورکیا بڵاویانکردەوە، دادگای تێھەڵچوونەوەی ئیستانبوڵ پشتگیریی لە یەکێک لەو سزایانە کردووە کە پێشتر لەدادگا دژی سەڵاحەدین دەمیرتاشی ھاوسەرۆکی پێشووی پارتی دیموکراتی گەلان بەتۆمەتی سوکایەتیکردن بەڕەجەب تەیب ئەردۆغانی سەرۆکی تورکیا دەریکردووە.

مانگی ئازاری ساڵی ڕابردوو، دادگایەکی تورکیا سزای سێ ساڵ‌و نیو زیندانیکردنی بەسەر سەڵاحەدین دەمیرتاش لەسەر لێدوانێکی ساڵی ٢٠١٥ دەرکرد کە تێیدا دەمیرتاش باسی لەدژیەکی لێدوانەکانەکانی نێوان ڕەجەب تەیب ئەردۆغان‌و ئەحمەد داود ئۆغڵوی سەرۆک وەزیرانی ئەوکاتی تورکیا لە بارەی خستنەخوارەوەی فڕۆکە ڕوسییەکە کردبوو.

ھاوکات پارێزەرەکەی سەڵاحەدین دەمیرتاش لەدادگای تێھەڵچوونەوەی ئیستانبوڵ تانەی لە بڕیارەکەی دادگاداو داوای ھەڵوەشاندنەوەی کرد، بەڵام دادگای ناوبراو دووبارە سزاکەی پەسەندکردو ڕایگەیاند، بڕیارەکەی پێشووی دادگا ھیچ پێشێلکارییەکی تێدانییە، بۆیە تانەکەی ڕەتکردەوە.

دەمیرتاش لەمانگی نۆڤەمبەری ساڵی ٢٠١٦ لەسەر ژمارەیەک تۆمەت لەناویاندا پشتیوانیکردنی تیرۆر زیندانیکراوە، لە دۆسیەی ڕوداوو خۆپیشاندانەکانی پەیوەست بەکۆبانێ سزای ھەتا ھەتایی بەسەردا درا.

 


‌نوێترین