×

لە ٢٠٢٠ دا ٥٠ کەس لە شەڕی ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و سوپای پاسداران کوژراون

 2020-12-29
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
ڕێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو رایگەیاند، لە ماوەی ساڵی رابردودا بەھۆی شەڕ و پێکدادانی نێوان ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ھێزەکانی ئێران ٥٠ کەس کوژراون.

رێکخراوی مافی مرۆڤی ھەنگاو ئاماری شەڕو پێکدادانی نێوان ھێزەکانی رۆژھەڵاتی کوردستان و ئێرانی بڵاوکردەوە و رایگەیاند، لەماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا، لانیکەم ٢٣ تێکھەڵچون لە رۆژھەڵاتی کوردستان ڕویانداوە کە ١٠ حاڵەت کەمتر بووە بەراورد بە ساڵی ڕابردوو.

بە پێی ئامارەکە، بەھۆی شەڕو پێکدادانەکانەوە ١٧ ئەندامی سوپای پاسداران، ھێزی ئینتزامی و ئەندامی بەسیجی ئێران کوژراون و لە بەرامبەردا ١١ ئەندامی حزبە کوردستانییەکان و ١٥ گەریلای خەڵکی ڕۆژھەڵاتی کوردستان لە ڕیزەکانی پارتی کرێکارانی کوردستان کوژراون.

ئاماژەی بەوەشکردووە، زۆرترین تێکھەڵچون و پێکدادان لە پارێزگای سنە تۆمار کراوە کە لە کۆی ئەو ٢٣ تێکھەڵچون ١٣ حاڵەتی لە پارێزگای سنە ڕویانداوە، لە پارێزگای ئورمیەش ١٠ حاڵەتی تێکھەڵچون تۆمار کراوە.

ھاوکات لە ماوەی ساڵی ٢٠٢٠دا ھێزەکانی سوپای پاسداران ١٦ جار بەرزاییەکانی کوردستانیان تۆپباران کردوە و دو جاریش بە فڕۆکەی بێ فڕۆکەوان بنکەی حزبەکانی ئۆپۆزێسیۆنی لە سنورەکانی ھەرێمی کوردستان کردوەتە ئامانج.

 


‌نوێترین