×

تەندروستی سلێمانی: راگرتنی پرۆسەی خوێندن بەھۆی کۆرۆناوە نییە

 2021-01-12
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی رایگەیاند، راگرتنی پڕۆسەی خوێندن بە تەنیا بەھۆی کۆرۆناوە نییە و دەشڵێت، "دەسەڵاتیش خۆی دەزانێت کە ئێمە لاریمان نەبووە لە ‌دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن".

ھێرش سەید سەلێم، جێگری بەڕێوەبەری گشتی تەندروستی سلێمانی بە دەنگی ئەمریکای راگەیاندووە، لە ‌ھەموو وڵاتان پرۆسەی خوێندن رانەگیراوە، تەنیا لە ھەرێمی کوردستان و عێراقدا راگیراوە،‌ "ھەڵبەتە ئەمە ھۆکاری تری لە پشتەوە ھەیە تەنیا کۆرۆنا نییە".

ئاماژەی بەوەشکردووە، نەبوونی موچە ‌و نادادی لەسەر دابەشکردنی موچە ‌و دابینکردنی بژێوی، ئەرکێکی لەکۆڵ حکومەت کردۆتەوە کە پرۆسەی خوێندن لەم وڵاتەدا رابگیرێت.

دەشڵێت، یەکێک لە ‌سەرچاوەکانی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆ‌سی کۆرۆنا بەڕێوەبەرایەتی ھاتوچۆ بووە کە بە دەیان و سەدان ھاوڵاتی لە ‌رۆژێکدا و لەناو یەک فەرمانگەدا بوون، بە دەیان و سەدان کەس توشی ڤایرۆ‌سی کۆرۆنا بوون یاخود لە شوێنی تر قەرەباڵغی تر ھەیە کە دەکرا کۆنتڕۆڵ بکرێت نەک ئەوەی کە ھەموو دەزگا زانستییەکان یاخود خوێندنگاکان دابخرێت.

باسی لەوەشکردووە، وەک بەڕێوەبەرایەتی تەندروستی لە سلێمانی لارییان نەبووە لە دەستپێکردنەوەی پڕۆسەی خوێندن لەژێر رێکاری چڕوپڕی خۆپارێزیدا.

تاوەکو ئێستا کە لە ناوەڕاستی مانگی یەکی ٢٠٢١ داین، چارەنوسی خوێندنی ئەمساڵ دیارنییە و ھێشتا ناوەندەکانی خوێندن بە روویاندا نەکراوەنەتەوە.

 


‌نوێترین