×

حکومەتی ھەرێم وەڵامی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوە

 2021-01-20
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکانی حکومەتی ھەرێم وەڵامی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ دەداتەوە و رایگەیاند، ھێزە ئەمنییەکان بەرپرسیارن لە پاراستنی موڵک و ماڵ و گیانی ھاوڵاتیان و رێگا نەدەن بە ئاژاوە و گێرەشێوێنی.

لە کۆتا راپۆرتی رێکخراوی ھیومان رایتس وۆچ چەند تێبینیەکی لەسەر ھەرێمی کوردستان تێدابوو، لە بارەی راپۆرتەکەوە نوسینگەی رێکخەری راسپاردە نێودەوڵەتیەکان بڵاویکردوەتەوە، خۆپیشاندان بەپێی یاسا رێگەپێدراوە بەڵام لەکاتی رودانی پێشێلکاری یاسایی وەک توندوتیژی یا بەردەوامی خۆپێشاندانەکان بۆ زیاتر لە ماوەی رێگە پێدراو ھێزە ئەمنییەکان بەپێی یاسا پێویست دەکات ھەڵسوکەوت لەگەڵ خۆپێشاندانەکان بکەن بۆ سەلامەتی گیانی ھاوڵاتیان و سەروماڵیان.

ئاماژە بەوەشدراوە، بەپێی یاسای رۆژنامەوانی لە ھەرێم رۆژنامەوان تەنھا بە فەرمانی دادگا دەستگیر دەکرێت بە ئاگاداری سەندیکای رۆژنامەنوسان، بەپێی ئەم یاسایەی سەرەوە ھێزە ئەمنیەکان بەشێوەیەکی راستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ رۆژنامەنوساندا ناکەن.

جەختلەوەشکراوەتەوە، تەنھا لەکاتی دەرچونی بڕیاری دادوەر یاسا جێبەجێ دەکرێت و ئەو رێوشوێنانە دەگیرێنە بەر کە پێویستن بەپێی یاسا، بەڵام لە کاتی بڵاوکردنەوەی توندوتیژی و تێکدانی ماڵ و موڵکی گشتی، یاسای سزادانی عێراقی جێبەجێ دەکرێت.

لە خۆپیشاندانەکانی کۆتایی ساڵی رابردوودا دەیان خۆپیشاندەر و رۆژنامەنوس ھێرشیان کراوەتە سەر و ١٠ کەسیش کوژراون و زیاتر لە ٧٠ کەسیش برینداربوون.

 


‌نوێترین