×

چوارچێوەی ھەماھەنگی: چارەسەری قەیرانەکان بەندە بە رێککەوتنمان لەگەل رەوتی سەدر

 2022-04-03
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
پەرلەمانتارێکی چوارچێوەی ھەماھەنگی رایگەیاند، "چارەسەری قەیرانەکان بەندە لەسەر رێککەوتنی چوارچێوەی ھەماھەنگی و رەوتی سەدر بۆ گۆرینی دۆخی چەقبەستوی ئێستا و ھەنگاونان بەرەو پێکھێنانی حکومەتی داھاتوو."

محەمەد ئەلشمەری، پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکیدا رایگەیاند، "وادەی دانیشتنی داھاتوو روون نییە و لەکاتی بەسەرچوونی ماوەی یاسایی لە ٦ی نیساندا سەرجەم بژاردەکان لەبەردەم چوارچێوەکەدا کراوەن."

ھاوکات ئەحمەد ئەلموسەوی پەرلەمانتاری چوارچێوەی ھەماھەنگی لە پەرلەمانی عێراق ئاشکرایکرد، "بەبێ کۆتایھێنان بە ناکۆکی لایەنە شیعیەکان لەماوە ٤٠ رۆژدا ھیچ رێککەوتنێک ناکرێت."

جەختیشیکردەوە، "سەرکەوتنی چوارچێوەکە لە رازیکردنی ھێزە کوردییەکان و سوننەکان بۆ ئەوەی لەگەڵیان ھاوپەیمانی بن بۆ پێکھێنانی حکومەت ھیچ ئەنجامێکی نابێت جگە لە دووبارەبوونەوەی سیناریۆی شکستی رەوتی سەدر و ھاوپەیمانی سێلایەنەکە بۆ گەیشتن بە رێژەی یاسایی سەرۆک کۆمار."

شەممە و چوارشەممەی رابردوو دانیشتنی پەرلەمانی عیراق سەبارەت بە ھەڵبژاردنی سەرۆک کۆمار شکستی ھێنا و دانیشتنەکەش بۆ کاتێکی نادیار دواخرا. لای خۆشیەوە موقتەدا سەدر، سەرۆکی رەوتی سەدر وەک خاوەنی زۆرترین کورسی پەرلەمان داوای لە چوارچێوەی ھەماھەنگی کرد لەگەڵ لایەنەکانی دیکە گەورەترین فراکسیۆنی پەرلەمانی دروستبکەن و حکومەتی نوێی عێراق پێکبھێنێت.

 


‌نوێترین