×

ڕەشەبایەکی بەھێز و خۆڵبارین ھەرێم دەگرێتەوە

 2022-04-05
فۆتۆ: 
وڵاتەکەم
بەپێی پێشبینی کەشناسی شەپۆلێکی ڕەشەبای بەھێز ناوچەکانی ھەرێمی کوردستان دەگرێتەوە و ھۆشداریش بە ھاووڵاتیان دەدرێت، کە ئۆتۆمبێل لەژێر دار و شوێنی مەترسیدار ڕانەگرن.

محەمەد کەمال، شارەزای کەشناسی ئاماژەی بەوەکرد، پێشبینی دەکرێت لەسبەی ئێوارەی چوارشەممەوە چالاکی بای باشوری خۆرئاوا دەست پێبکات و سەرەتاش بەخێرایی ٢٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا و پاشان لەدرەنگانێکی شەودا خێرایی لەزۆربەی ناوچەکان بەرز دەبێتەوە بۆ ٣٥ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا.

ڕاشیگەیاند، تاوەکو شەوی پێنجشەممە خێرایی با بەردەوامی ھەیە و ھەندێک کات و لەناوچە شاخاوییەکان بەتایبەت دەگاتە ٤٠ کم لە کاتژمێرێکدا و لەشەوی پێنجشەممە تا پێش نیوەڕۆی ھەینی ئەگەری ئاسایی بوونەوەی خێرایی با ھەیە و دابەزینی بۆ ١٥ کم.

ڕوونیشی کردەوە، لە نیوەڕۆی ھەینی تا ئێوارەی شەممە خێرایی با دووبارە دەست بەچالاکی دەکاتەوە بە خێرایی ٤٥ کم لە کاتژمێرێکدا و پشک بەر گەرمیان و کەرکوک دەکەوێ و ئەگەری ھەیە تەپوتۆزی ناوخۆیی دروست ببێت و دوریش نییە خۆڵی لەگەڵدا بێت.

داواش لەھاووڵاتیان دەکات، “لەگەڵ چالاک بوونی با ئۆتۆمبیلەکانیان لەژێر دارەکان مەوەستێنن بەمەبەستی ئەوەی سێبەرە، بەڵکو لەشوێنیکی تردا ڕایبگرن، کە سەلامەت بێت و ھیچ مەترسییەک نەبێ بۆ سەر ئۆتۆمبێلەکەی”.

 


‌نوێترین