×

لەبارەی داخستنی ناوەندەکانی خوێندن روونکردنەوە دەدرێت

 2021-02-21
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان رایگەیاند، تاوەکو ئێستا ھیچ پێشنیازێک بۆ داخستنی ناوەندەکانی خوێندن نییە و ئەگەر حاڵەت بگاتە ڕێژەیەکی مەترسیدار ئەو کات لێژنەی ڕووبەرووبوونەوەی کۆرۆنا بە ڕەچاوکردنی دۆخەکە بریار دەدات.

عەبدولسەلام دۆڵەمەڕی، سەرۆکی لیژنەی پەروەردە و خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان لە پەیامێکدا بۆ خوێندکاران، کە لە ھەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک بڵاویکردۆتەوە، ئاماژەی بەوەکردووە، "چەند ڕۆژێکە گوێ بیستی داخستنی قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکان دەبین، دڵنیاتان دەکەمەوە تا ئێستا ھیچ پێشنیازێکی لەمجۆرە نییە نە لە وەزارەتی تەندروستی و لە لێژنەی پەروەردەو نە لەوەزارەتی پەروەردە و وەزارەتی خوێندنی باڵا، قوتابخانەو زانکۆو پەیمانگاکان کە داوای ڕاگرتنی پرۆسەی خوێندن بکات".

ئاماژەی بەوەشکردووە، ئەوەی لەسەر ھەموو لایەک پێویستە خۆپارێزی و پابەندییە بە ڕێکارە تەندروستییەکان، "ئێمە لە لێژنەی پەروەردەو خوێندنی باڵا لە پەرلەمانی کوردستان بەو پەڕی پەرۆشییەوە مەبەستمانە قوتابیانی ئازیز خوێندنیان نەفەوتێت و زۆرترین سوود وەرگرن".

وتیشی، ئەگەر حاڵەتیش بگاتە ڕێژەیەکی مەترسیدار ئەو کات قسەیەکی دیکەیەو لێژنەی ڕوبەروبوونەوەی کۆرۆنا بە ڕەچاوکردنی دۆخەکە بریار دەدات.

 


‌نوێترین