×

لیژنەی دارایی: زۆرینەی شیعەکان لەسەر پشکی ھەرێم رێکەوتوون

 2021-02-22
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، زۆرینەی لایەنە شیعەکان لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان گەیشتوونەتە رێککەوت و بەوەش کۆتایی ھەفتە بودجەی ٢٠٢١ دەخرێتە دەنگدانەوە.

ئەحمەد سەفار، بڕیاردەری لیژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق لە لێدوانێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، "زۆرینەی لایەنە شیعەکان گەیشتوونەتە رێککەوتن لەسەر پشکی ھەرێمی کوردستان، دەقەکەی ھەرێمی کوردستانیش لە پرۆژەیاساکەدا دەڵێت، دوای خەرجیی گواستنەوەی نەوت و حەقدەستی کۆمپانیاکان و بەرھەمھێنانی ناوخۆیی، ئەو نەوتەی دەمێنێتەوە رادەستی بەغدا دەکرێت، بەم شێوەیە، ھەر دەکاتە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل نەوتی رۆژانە".

ئاماژەی بەوەشداوە،" ئەو دەقە لە دەقەکەی حکومەت باشترە، چونکە لە دەقی حکومەتدا رادەستکردنی رۆژانە ٢٥٠ ھەزار بەرمیل لەسەر ھەرێمی کوردستان دیاریکراوە، لە بەرامبەر پێدانی پشکی ١٢.٦٧%، بەڵام لەو دەقە نوێیەدا ئەو بڕە دیارینەکراوە، ئەوەش واتای ئەوەیە، ئەوکات حکومەتی ھەرێمی کوردستان دەتوانێت لە ٢٥٠ ھەزار بەرمیلیش کەمتر رادەستبکات".

وتیشی،"لە ئێستادا لایەنە شیعەکان چاوەڕێی شاندی ھەرێمی کوردستان دەکەن بۆ ئەوەی دانیشین و بە رێککەوتن ئەو دەقە بنووسرێتەوە".

ئەوەشی خستووەتەڕوو،"چاوەڕێ دەکرێت دوای گەیشتن بە رێککەوتن، پەرلەمان چوارشەممە یان پێنجشەممە لەبارەی بودجە کۆببێتەوە بۆ ئەوەی دەنگی لەسەر بدات ".

 


‌نوێترین