دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ئەنجومەنی دادوەری، بڕیاریاندا بە پێکھێنانی دادگایەکی تاوان بۆ دادگاییکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەکانی گەندەڵی بەناوی (دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی کەیسەکانی گەندەڵی.
دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان لەنوسراوێکدا بڵاویکردەوە، بە نوسراوی ژمارە (١/١٣٥) لە ١/١٢/٢٠٢٠، ئەنجومەنی دادوەری، بە فەرمانی ژمارە ١/١/١١٧ لە ١٨/٢/٢٠٢١، بڕیاریاندا بە پێکھێنانی دادگایەکی تاوان بۆ دادگاییکردنی سەرجەم تۆمەتبارانی تاوانەکانی گەندەڵی بەناوی (دادگای تاوانەکانی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی) لەسەر ئاستی ھەرێمی کوردستان و تایبەتمەند دەبێت بە بینینی کەیسەکانی گەندەڵی.
ئەوەش خراوەتەڕو، "ئێمە لە دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان، دەستخۆشی لە ئەنجومەنی دادوەری دەکەین و پێمانوایە ئەو ھەنگاوە کاریگەرییەکی زۆر باشی دەبێت لەسەر بەرەوپێشبردن و روبەڕوبونەوەی گەندەڵی و خێراکردنی یەکلاکردنەوەی کەیسەکان لە دادگا".
دەستەی دەسپاکی ھەرێمی کوردستان دەستەیەکی سەربەخۆیە ئەرکی بەرەنگاربونەوەی گەندەڵی لە ھەرێمی کوردستان لە ئەستۆ دەگرێت، لەژێر چاودێری پەرلەماندا دەبێت.