سەردێڕ:

غالب محەمەد: ئەو بەنزینەی وەک بەنزینی حکومی دابەشدەکرێت ئۆکتانی خراپە و بۆ ئوتۆمبێل نابێت

فۆتۆ: 
2018-06-27

7342 جار خوێندراوەتەوە

سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو بەنزینەی کە بڕیارە لە عێراقەوە بهێنرێت هی کۆمپانیای کارە و بە بەنزینی حکومی ئەیفرۆشنەوە و ئۆکتانی لە نێوان ٨٥ بۆ ٨٧ دایە و زۆر خراپە.


کارزان تاریق – سلێمانی

سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی و وزە لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی ڕایگەیاند، ئەو بەنزینەی کە بڕیارە لە عێراقەوە بهێنرێت هی کۆمپانیای کارە و بە بەنزینی حکومی ئەیفرۆشنەوە و ئۆکتانی لە نێوان ٨٥ بۆ ٨٧ دایە و زۆر خراپە.

غالب محەمەد سەرۆکی لیژنەی سوتەمەنی لە ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، تا ئێستا ئەوان هیچ بەنزینێکیان بەدەستنەگەیشتووە و ئەو بەنزینەش کە بڕیارە بهێنرێت و بە نرخێکی کەمتر بفرۆشرێت هی کۆمپانیای کارە و حکومەتی هەرێم ژێربەژێر لەگەڵ حکومەتی عێراق ڕێککەوتووە لەسەر ئەو بابەتە.

ئاماژەی بەوەش کرد ئەو هەوڵانە بۆ  شکاندنی ئەو گرێبەستانەیە کە ئەوان هەوڵیان بۆ داوە لەگەڵ عێراقدا لەسەری ڕێکبکەون.

لە بەشێکی تری وتەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، بەنزینەکە ئۆکتانی خراپە و لە نێوان ٨٥ بۆ ٨٧ دایە و بەکەڵکی ئوتۆمبیل نایەت.

وتیشی "ئەگەر ئێمە حکومەتمان هەبێت، نابێت ئەو سوتەمەنییە وەربگرێت و بەسەر خەڵکدا ساغیبکاتەوە، چونکە بەنزینەکە هی کۆمپانیای کارە و بە ناوی حکومەتی عێراقەوە ئەیفرۆشن بە خەڵکی، لەکاتێکدایە بەنزینی حکومی بە ٤٥٠ دینارە لە پارێزگاکانی عێراق".

لەلایەکی ترەوە ڕێکەوت زەکی جێگری سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای سلێمانی بە ئێن ئاڕ تی ڕاگەیاند، ئەوان ئەو بەنزینەیان ڕەتکردووەتەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە بڕیاربوو حکومەتی عێراق بڕی ٥ ملیۆن لیتر بەنزین ڕەوانەی هەرێمی کوردستان بکات بە شێوەیەک هەریەکە لە هەولێر و سلێمانی بڕی ٢ ملیۆن لیتر و دهۆکیش بڕی یەک ملیۆن لیتری بەسەردا دابەشبکرێت، بەڵام هێشتا ئەو ڕێککەوتنە نەکراوە و نەخراوەتە بواری جێبەجێکردنەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ئەمڕۆ مستەفا تەها بەڕێوەبەری دابەشکردنی نەوتی هەولێر لە کۆنگرەیەکی ڕۆژنامەوانیدا بە نوێنەرایەتی پارێزگاری هەولێر ڕایگەیاند، لەمەودوا نرخی بەنزین ٦٥٠ دینار دەبێت.

ئاماژەی بەوەش کرد، پارێزگای هەولێر لەگەڵ بەغدا ڕیککەوتووە بۆ چارەسەرکردنی کێشەی نرخی بەنزین و لەمەودوا نرخی یەک لیتر بەنزین دەکرێتە ٦٥٠ دینار و لە وێستگەکانی "ڕزگاری و شۆڕش و عەنکاوە" دابەشدەکرێت.

ع.م