سەردێڕ:

دوای کاریگەربوونی، ئەم وڵاتە ڤاکسینی کۆرۆنا بۆ منداڵان دروستدەکات

فۆتۆ: 
2021-06-30

1207 جار خوێندراوەتەوە

توێژینەوەیەکی نوێ لە گۆڤاری لانسێت بۆ نەخۆشییە گوازراوەکاندا بڵاوکراوەتەوە و ئاشكرایکردووە، دوای پێدانی ھەردوو ژەمە ڤاکسینی کۆرۆناڤاک کە لەلایەن کۆمپانیای دەرمانی چینی سینۆڤاکەوە بۆ ڤایرۆسی کۆرۆنا بەرھەمھێنراوە، لە منداڵان و مێردمنداڵانی تەمەن ٣-١٧ ساڵدا بەرگرییەکی بەھێز دژی ڤایرۆسەکە دروست دەکات.


لە توێژینەوەکەدا، ئەنجامەکانی تاقیکردنەوەی تاقیگەیی ڤاکسینی کۆرۆناڤاک لە شارۆچکەی زانھوانگ سەربە پارێزگای ھوبی لە چین، کە دۆزی یەکەم و دووەمی لە منداڵان و مێردمنداڵانی نێوان ٣-١٧ ساڵان دراوە، بڵاوکراوەتەوە.

لە قۆناغی یەکەمی توێژینەوەکەدا لە نێوان ٣١ی تشرینی یەکەمی و کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە، ٧٢ کەس و لە قۆناغی دووەمیدا کە لە نێوان ١٢-٣٠ی کانوونی یەکەمی ٢٠٢٠دا ئەنجامدراوە، ٤٨٠ کەس بەشدارییان کردووە، کە تیایدا بەشداربووان لە ماوەی ٢٨ رۆژدا ١،٥-٣ مایکرۆگرام ڤاکسینیان لێدراوە و گروپێکیش لە بەشداربووان وەک گرووپی سەربەخۆ، دەستنیشانکراون.

لەدوای کوتانەکەش کاریگەریی لاوەکی زۆرینە لاواز و مامناوەند و ئازار لە شوێنی کوتانەکە (بەرێژەی لەسەدا ١٣) لای بەشداربووان ھەبووە، بەوشێوەیەش دەرکەوتووە کە ھەردوو دۆزی کۆرۆناڤاک لە منداڵان و مێردمنداڵانی ٣-١٧ ساڵاندا، کاریگەر و متمانەپێکراوە.

دواتر و لە کۆتایی توێژینەوەکەدا دەرکەوتووە کە زیاتر لە سەدا ٩٦ی ئەو منداڵان و مێردمنداڵانەی کە دوو ژەمە ڤاکسینییان وەرگرتووە، بەرگرییان پەیدا کردووە.

لەدوای سەرهەڵدانی ڤایرۆسی کۆرۆنا لەکۆتایی ساڵی ٢٠١٩دا لە شاری وهانی چین، تا ئێستا لەسەرانسەری جیهاندا ١٨٢ میلیۆن و ٤٠١ هەزار و ٦٢١ کەس توشی ڤایرۆسەکە بوون، سێ ملیۆن و ٩٤٩ هەزار و ٣٠٨ کەسیش بەهۆی ڤایرۆسەکەوە گیانیان لەدەستداوە.