سەردێڕ:

حکومەت بڕیارێکی لەبارەی کەمئاوییەوە دەرکرد

فۆتۆ: 
2021-06-30

2488 جار خوێندراوەتەوە

بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان رایگەیاند، ھەر ناوچەیەك كێشەی ئاوی ھەبێت، پارەی بۆ خەرج دەكرێت.


ئاری ئەحمەد بەڕێوەبەری گشتی ئاوی ھەرێمی كوردستان بە ماڵپەڕی فەرمی پارتی راگەیاند، سەرۆكی حكومەت دوو ملیار و ٥٠٠ ملیۆن دیناری بۆ وشكەساڵی خەرج كردووە و کۆی ئەو پارەیەش بۆ دابینكردنی ئاوی خواردنەوەیە.

 ئاماژەی بەوەشکرد، لەپلانیاندایە پارەكە بۆ لێدانی بیری نوێ و ئەو بیرانە تەرخان بكەن كە بە ھۆی وشكەساڵی وشك بوون، هاوکات گۆڕینی ئامێرەكان و دابینكردنی تانكەر بۆ دابینكردنی ئاوی پاك و چەندین خزمەتگوزاریی دیكەش بەو پارەیە جێبەجێ دەكرێن.

ئاری ئەحمەد ئەوەشی خستەڕوو، ئەوان رۆژانە دوو ملیۆن مەتر چوارگوشە ئاوی پاك بەرھەم دێنین، كە بۆ ھەر ھاوڵاتیەك رۆژانە نزیكەی ٣٥٠ لیتر ئاو دابین دەكرێت، ئەو رێژەیەش زۆر لە سەرەوەی ستانداردی جیھانییە، چونكە بە گوێرەی ستانداردی جیھانی، ھەر مرۆڤێك رۆژانە پێویستی بە ٢٠٠ تا ٢٥٠ لیتر ئاو ھەیە.

لەبارەی هۆکارەکانی سەرهەڵدانی کێشەی ئاوەوە دەشڵێت، نەبوونی كارەبای نیشتیمانی بە بەردەوامی و وشكەساڵی، ھۆكارن بۆ سەرھەڵدانی كێشەی ئاو، لەگەڵ ئەوەشدا ھاوڵاتیانیش وەك پێویست دەست بە ئاوەوە ناگرن.

ئەوەش لە کاتێکدایە، ئەمساڵ بەراورد بە ساڵی رابردوو بڕی بارانبارین لە هەرێمدا کەمتر بوو و لە هەندێک ناوچەش مەترسی وشکەساڵی دەکرێت، هاوکات لەناوچەی گەرمیانیش دۆخی وشکەساڵی راگەیەندراوە.