بەپەلە

‎ ڕیفراندۆم، پێداگیری پارتی

6/12/2017 10:14:00 PM

10675 جار خوێندراوەتەوە

کاروان مەهدی
+ -

هەرێمی کوردستان، وەک جڤاتێکی سیاسی یا وەک دیوەخان

خواستی کورد بۆ سەربەخۆیی و سەروەری لەو هەڵپەیە ڕەواترو بەهێزترە کە پارتی و هاوپەیمانە سیاسسیەکانی هەر لە سەرەتاوە بە پێشێلکردنی یاسای ژمارە ١ی ٢٠٠٥ دەستیانپێکردووە. هەرێمی کوردستان جڤاتێکی سیاسیی و یاساییەو خاوەنی پەرلەمانێکی تەمەن ٢٥ ساڵەیەو تا ئێستا چوار هەڵبژاردنی گشتی بەڕێوەبردووەو چەندین یاسای لەم پەرلەمانە دەرکردووە. ئەگەر بریارە ئەم هەرێمە داهاتووی سیاسی خۆی لە فۆڕمێکی تردا ڕێک بخاتەوە ئەوا دەبێ هەر لەو دامەزراوە دەستوری و شەرعیەوە بڕیاری لێبدرێت، نەک لە دیوەخانەی سیاسیدا. لە چوارچێوەیەکی دیموکراتیدا هەرگیز دانیشتن و کۆبوونەوەی حزبی شوێنی دامەزراوە یاساییەکان ناگرێتەوە. بەڵام پارتی دوای پەکخستنی پەرلەمان و دوورخستنەوەی تیمی وەزاری گۆڕان و داگیرکردنی هەولێر لە ١٢ی ئۆکتۆبەری ٢٠١٥دا، کوردستانی تووشی بنبەستی سیاسی کردو قەیرانەکانی قوڵترکردەوە. لەدوای ئەم مێژووەوە پارتی پێداگیری لە ئاسایینەکردنەوەی پەرلەمان کردو هەر زوو و بە ئاشكراو زیاد لە جارێك لە زاری قسه‌كه‌ره‌كانییه‌وه‌ ڕایگەیاند كە پارتی بە نیازە (تا ھەڵبژاردنی داھاتوو پەرلەمان کارا نەکاتەوە.)و دواتر  کۆبوونەوەیان لەگەڵ چوار لایەنە سیاسییەكە وەستاندو بەردەوامیان پێنەدا، ئینجا لێدوانەكەی بارزانی لە سویسرا بەدواداهات لەبارەی "نەگەڕانەوە بۆ كۆبوونەوەی پێنجقۆڵی". دوای وروژاندنی پڕۆژەی ریفراندۆمیش پارتی لە زاری (هوشیار زێباری) و چەند بەرپرسێکی دیکەوە ڕایانگەیاند کە "ڕیفراندۆم پێوێستی بە كاراكردنەوەی پەرلەمان نییە"، بە سەرنجدان لە ڕێکخستنی کۆبوونەوە سیاسییەکانی پارتی لە سەری ڕەش دەرکەوت کە پارتی ئەوەندەی خواستی دروستكرنی ئەنجومەنێكی سیاسی لە شێوەی کۆبوونەوەکەی ٧ی حوزەیران و هەڵوەشاندنەوەی یەکجارەکی پەرلەمان هەیە ئەوەندە خواستی ڕێزگرتنی نییە لە پەرلەمانێک کە خۆی ٣٨ کورسی و جێگری سەرۆکی پەرلەمان و چەندین ڕاوێژکارو پۆستی دیکەی تێدا هەیە.


نەوشیروان مستەفا لە ئۆکتۆبەری ٢٠١٦ و لە کۆنفڕانسی ژووری ڕەوەندی کوردی لە لەندەن کە دوا وتەی گشتی ئەو بوو ئاماژەی بە ڕاستییەکی تاڵدا کە وتی: ’...بەڵام ئێستا ئەزمونی پەرلەمانی لە كوردستانی عیراقدا لەبەردەم تاقیكردنەوەیەكی سەختدایە، ئایا لە كوردستاندا پەرلەمان گرنگی ماوە، هەڵبژاردن گرنگی ماوە، دەزگا یاساییەكان و ئەنجومەنی دادوەری گرنگی ماوە، ئەنجومەنی وەزیران گرنگی ماوە...’ زۆر بە کورتی چونکە ئەم پەرلەمانەو پێكهاتووەکانی نەیتوانی گرەنتی درێژكردنەوەی ویلایەتی بارزانی بکات. لە کۆتاییدا ئەم پێداگیرییە سیاسییەی پارتی بۆ ملکەچنەکردن بۆ ئاساییکردنەوەی پەرلەمان بە هاوکاری یەکێتی و هێزەکانی دیکە (دیارە جگە لە بزوتنەوەی گۆران و کۆمەڵی ئیسلامی) لە کۆبوونەوەی ٧ی حوزەیراندا بڕیاری کۆنکریتی لێکەوتەوە بۆ دیاریکردنی ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم. ئەمەش بەرەوپێشەوەچوونێکی باشی ئەجێنداکەی پارتی بوو بۆ دروستكردنی میرنشینێكی ستەمكاری لە بەرگێكی كوردیدا. پارتی، وەک دیارترین و به‌هێزترین هاوپەیمانی بەرەی سونە لە عیراقداو بە پشتقایمی ئەردۆغان و ئاکپارتی لە ناوچەكەدا دەمێکە کەڵکەڵەی دروستکردنی میرنشینێکی کوردی ده‌باته‌ پێشه‌وه‌، میرنشینێك کە بتوانێت باشتر پارێزگاری لە پێگەو توانای جیۆسیاسی و ئابوری بنەماڵەی بارزان و پێگه‌ی حزبی خۆی بکات و كۆنتڕۆڵی تەواوی كوردستان بکات، بەمەش چارەسەری بنەرەتی بۆ پۆستەکەی بارزانی و هەموو سەرئێشە یاساییەکانی هەڵبژاردنی سەرۆکی هەرێم دەکات، چونكه‌ هەڵبەت بارزانی یەكەمین سەرۆكی دەوڵەتی كوردستان دەبێ.

گۆڕان وەک پارادایمێکی جیاواز
ئەزمونی ٢٦ ساڵ حوکمڕانی لە هەرێم کە پارتی و یەکێتی بەڕێوەیان بردووەو سەرکردایەتی ئەم هەرێمەیان کردووە نەبۆتە مایەی خۆشگوزەرانی و پاراستنی کەرامەتی ئینسانی کورد، بەڵکو یەکێکە لە شکستخواردووترین ئەزموونەکانی ناوچەکەو دەستکەوتەکانی بریتی بوون لە تاڵان و فەرهودکردنی کوردستان لە سەرەتای نەوەدەکانی دوای ڕاپەڕین و پاشان داهێنانی ساختەکاری ئینتیخابی و هەڵگیرساندنی زنجیرەیەک شەڕی ناوخۆ لەسەر  دەسەڵات و گومرگ و داهاتی کوردستان و دووبارەکردنەوەی ناشیرینترین تەعزیبەکانی بەعس بۆ زیندانی سیاسییەکانی یەکتر لەو سەردەمەداو کۆتاییهاتنیشی بە ٣١ی ئاب و هاوکاریکردن و دەستگیرۆیی لەشکرکێشییەکانی سوپای تورکیاو عیراق و ئێران بۆ سەر خاکی هەرێم و ئینجا مۆرکردنی ڕێکەوتننامەیەکی ستراتیژی کە هیچ نەبوو جگە لە بەگژاچوونەوەی نەیارە هاوبەشەکانیان و سەرکوتکردنی دەنگی ئازاد. دوای ڕوخاندنی ڕژێمی سەدامیش، پشتکردنە ئامانجی سەربەخۆیی و دەنگی لە سەدا ٩٨ ی خەڵکی کوردستان (ئەنجامی ڕیفراندۆمی ٢٠٠٥) و لەبری ئەمە باوەشکردنەوە بۆ بەغداو بوونەوە بە عیراقی و دابەشکردنی بودجەی زەبەلاحی کوردستان لەنیوان خۆیاندا. دواتر سەرمەستبوون بە كێڵگە نەوتییەكان و فرۆشتن و تاڵانکردنی سامانی ژێرزەوی کوردستان لە چوارچێوەی دەیان گرێبەستی ناشەفاف و تەمومژاوی و ناهاوسەنگدا. پاشان پەکخستنی پرۆسەی سیاسی لە کودەتای ١٢ی ئۆکتۆبەردا. دوا شاکاریش کە پێشکەشی هاوڵاتیانی کوردستانیان کرد بریتی بوو لە بڕینی مووچەو داهێنانی ڕوبعە مووچە بە سێ مانگ جارێک و خستنی هەرێم بۆ ژێر باری قەرزێکی ٢٧ ملیار دۆلارییه‌وه‌.


شەڕی دیموكراسی و بە دامەزراوەییكردنی هەرێم و بەدیهێنانی دادپەروەری کۆمەڵایەتی خاڵی جەوهەری و جیاكەرەوەی بزوتنەوەی گۆڕانە لە پارتی و هێزەكانی تر. ڕاستە شەڕێکی سەختە بەڵام شەڕێکی ڕەواو ڕەسەنە. ئەگەر بزوتنەوەی گۆڕان دەیەوێت پارادایمێکی جیاواز پێشکەش بکات و بەرگری لە دۆزەکەی بکات دەبێت بەشێوەیەکی ڕادیکاڵانە دژی ئەم ئەجێندایە بوەستێتەوە، بۆ ئەمەش دوو هۆی زۆر بەهێز هەن بۆ ڕەتکردنەوەی ڕیفراندۆم. یەك; داوای گۆڕان بریتی نییە لە ئەنجامنەدانی ڕیفراندۆم (هەرچەندە گۆڕان وەك بزوتنەوەیەكی سیاسی مافی خۆیەتی لەگەڵ پڕۆژەی ڕیفراندۆمدا نەبێ) بەڵكو بریتییە لە پشتگیریكردنی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە ڕێگەی پەرلەمانی كوردستان و بەدەستهێنانی پشتیوانی بۆ ئەم مەبەستە. ئەنجامدانی ڕیفراندۆم بەپێی میکانیزم و ڕێکارە یاساییەکان لە پەرلەمانی کوردستان داوایەكی ڕەواو دەستورییە كە دۆست و نەیار لە قووڵاییاندا ڕەتی ناكەنەوە. دوو؛ ئایا هێزێك بە زەبری چەك پەرلەمانی هەرێمی كوردستانی پەكخستبێ و بە هاوپەیمانێتی یەکێتی کوردستانیان بەم دۆخەی ئێستا گەیاندبێ بە کام لۆجیکی سیاسی و یاسایی ڕەوایەتی ئەوەی هەیە ڕیفراندۆم بۆ پرسێكی گەورەی وەك سەربەخۆیی ئەنجام بدات؟  ئه‌گه‌ر بزوتنەوەی گۆڕان نه‌شتوانێت ڕێگە لە ئەنجامدانی ڕیفراندۆمێکی نایاسایی بگرێت بەڵام بایکۆتکردنی ڕیفراندۆم گوزارشتە لە ناڕەزایی و مەیلی بەشێکی فراوانی هاوڵاتیانی کوردستان کە هیچ ئومێدێکی بە نوخبەی حوکمداری کوردی نەماوەو هەموو متمانەیەکی پێیان لەدەستداوەو هەربۆیەش دڵخۆش نییە بە وەها ڕیفراندۆمێک.