بەپەلە

ریفراندۆم؛ پرۆسەیەکی نا یاسایی

6/13/2017 10:07:00 AM

3043 جار خوێندراوەتەوە

مەهدی ئەبوبەکر
+ -


ئەو ریفراندۆمەی؛ دەسەڵات بە نیازە لە ئەیلولی داهاتوو ئەنجامی بدات؛ وێڕای دەیان تێبینی سیاسیی لەبارەی لایەنە بڕیاردەرەکانی. ئامانجە شاراوەکانی. هۆکارەکانی پشتی بڕیارەکە. نەبوونی رۆڵی حکومەت و پەرلەمان لەو بڕیارە چارەنوسسازەدا. لە رووی دەستوریی و یاسایشەوە؛ کەلێنی زۆر گەورەی تێدایە.

ئاشکرایە؛ لە کوردستاندا یاسایەک بۆ رێکخستنی پرۆسەی ریفراندۆم بە گشتیی لەئارادا نییە. سەرەڕای ئەوەش یاسایەکی تایبەت بۆ ئەم ریفراندۆمەی ئێستا لە پەرلەمانەوە دەرنەچووە. تەنانەت مادەیەکیش لە دەستوری عێراقیدا وجودی نییە باسی ریفراندۆم بکات، بۆیە ئەگەر ریفراندۆمێک بێ یاسا ئەنجام بدرێت؛ نا ملزم دەبێت و شوێنکەوتەی یاسایی لەدوای خۆی دروست ناکات، بەڵکو پرۆسەکە لە پرۆسەیەکی یاساییەوە دەبێت بە پرۆسەیەکی سیاسیی میللی، دەسەڵات دەتوانێت بەکامی دڵی خۆی تا پێویستی بێت بۆ مەرام و بەرژەوەندییەکانی بەکاری بهێنێت. گەرەکمە؛ بۆ بەرچاوڕونی ئاماژە بە بەشێك لە کێشەو کەلێنە یاساییەکانی پرۆسەی ریفراندۆم لە رووی بابەتی و شکلییەوە بدەم و لەم خاڵانەدا کورتی بکەمەوە؛

- ئامانجی ریفراندۆم؛ نادیارو شاراوەیە، روون نییە بۆچی مەبەستێک ئەنجام دەدرێت.

- لەبەر ئەوەی پاڵپشت بە دەقێکی دەستوری ئەنجام نادرێت، بۆیە بە بڕیارێکی دادگای فیدرالی عێراق، دەتوانرێت ئەنجامەکەی هەڵبوەشێندرێتەوە.

- میکانیزمی ئەنجامدانی ریفراندۆمەکە دیارنییە چۆن دەبێت؟

 - لە کارتی ریفراندۆمدا، چی پرسیارێک لە خەڵکی دەکرێت؟ ئایا خەڵکی لە نێوان بەڵێ و نەخێر بۆ دروستکردنی دەوڵەت سەر پشک دەکرێت یاخود لە نێوان سەربەخۆیی و مانەوە لە چوارچێوەی عێراق؟

- چی رێژەیەک بۆ سەرکەوتن و دۆڕاندن دادەنرێت؟ ئایا رێژەی لە ( ٥٠٪ + ۱ ) دەکرێت بە پێوەری بردنەوە، یان زۆرینەی دوو لەسەر سێ، یاخود رێژەیەکی تر؟ لە هەموو بارودۆخێکدا ناکرێت بۆ پرسێکی ئاوا گرنگ نیوە کۆ یەک کاری پێبکرێت.

 - کام دادگا موسادەقەی ئەنجامی کۆتایی ریراندۆم دەکات؟ کام دادگا تایبەتمەند دەکرێت بە وەرگرتن، بینین و بڕیاردان لە تانەو سکاڵاکان؟

ئاشکرایە لە عێراقدا لە پرۆسەکانی هەڵبژاردندا دادگای فیدرالی ئەو ئەرکانە رادەپەڕێنێت، لێ بۆ ریفراندۆمەکەی کوردستان، بە دڵنیاییەوە ئەو دادگایە ئامادەی موسادەقەکردن و وەرگرتنی تانەو سکاڵاکان نابینێت. ئەوەش کێشەیەکی گەورەیە، چونکە کێ مافی لایەنەکان لە تانەو سکاڵا بپارێزێت؟ لەوەش گرنگتر بێ موسادەقەکردنی ئەنجامەکان ریفراندۆمەکە دەرفەتی جێبەجێکردنی نابێت.

- دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان، لە ئەگەری سەرکەوتنی دەنگی بەڵێ، چی کات و مێژوویەک، کار بە دەرئەنجامەکان دەکرێت؟ کێ و کام دەزگا ئەرکی جێبەجێکردنی دەگرێتە ئەستۆ؟ ئەو کەلێنە یاساییانەی پەنجەمان لەسەر داناوە، گەورەترین لەمپەرن لەبەردەم پرۆسەی ریفراندۆمدا.

ئەگەر دەسەڵات و حزبەکانی لایەنگری ریفراندۆم ئیرادەو ویستی راستەقینەیان بۆ سەربەخۆیی و دروستکردنی دەوڵەت هەیە، ئەوا دەبێت ئەو کەلێنە یاساییانە لە رێگەی دەرکردنی یاسایەک لەپەرلەمانەوە چارەسەر بکەن، چونکە چاونوقاندن و خۆگێلکردن لەو کەلێنە یاساییانە، پرۆسەی ریفراندۆمەکە دەکات بە تەزاهورەیەکی سیاسیی و شوێنکەوتەی یاسایی نابێت. تەنیاو تەنیا وەکو پرۆسەیەکی راوێژکاریی میللی دەمێنێتەوەو هەرگیز هەلی جێبەجێکردنی نابێت. ئەو راستییەش دووپات دەکاتەوە دەسەڵات؛ ریفراندۆم وەکو دەستکەلایەک بۆ بیر بردنەوەی کێشە سیاسیی و ئابورییە بونادییەکانی کوردستان بەکاردەهێنێت، دەیەوێت لە رێگەی ئەو پرۆسە نایاساییە باتڵەوە هەست و سۆزی خەڵکی بجوڵێنێت و لەو رێگەیەوە تەمەنی خۆی بۆ چەندین ساڵی دی درێژ بکاتەوە!