×

جەمیل بایک: کێشەی کورد کێشەی ھەمومانە و بە تەنھا کێشەی تاکە پارتێک نیە

 2020-11-30
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە رایگەیاند، گەلی کورد جارێکی تر چارەنوسی خۆی بە پارتێکەوە نابەستێتەوە و "کێشەی کورد کێشەی ھەمومانە و بە تەنھا کێشەی تاکە پارتێک نیە".

جەمیل بایک، ھاوسەرۆکی کۆنسەی بەڕێوەبەری کەجەکە لە بەرنامەیەکی تایبەتی تەلەفزیۆنیدا رایگەیاند،  "دەبێت ئێمەش ببینرێین، ئیدی کێشەی کورد کێشەی ھەمومانە، تەنھا کێشەی تاکە پارتێک نیە، تاکە پارتێک ناتوانێت وەک خۆی، وەکو پێشووتر چی بیەوێت ئەوە بکات، ھەرچیەک دەکات، دەبێت ئێمە ببینن، ئەگەر نەمانبینن، داواکاری و ھیواکانی ئێمە بە بنەما نەگرن، ئێمەش ئەو پارتانە قبوڵ ناکەین و ئەو سیاسەتانە رەتدەکەینەوە".

جەمیل بایک، راشیگەیاند، "ئەگەر شەڕێکی ناوخۆیی روبدات ئەوا ھەمو کورد زیانی پێدەگات، گەلی کورد ئیدی لە جیھان ناسراوە و رێزی لێدەگیرێت، ھیچ کەس بۆی نیە جارێکی تر شکست بە کورد بھێنێت، دەشڵێت، "بۆچی دەبێت لە دژی حکومەتی باشور و پارتی بین، ھیچ ھۆکارێک نیە لە دژی ئەوان بین، ئێمە لە دژی داگیرکەران وەستاوینەتەوە، تێکۆشان دەکەین و دەجەنگین". 

ئاماژەی بەوەشکرد،"لەماوەی رابردوو ژنانی کورد، گەنجان، رۆشنبیران، ھونەرمەندان، کەسانی ئەکادیمی، ھەندێک سیاسەتمەداری کورد، لە ھەمو بەشەکانی کوردستان وتیان، ئێمە ئەمە قبوڵ ناکەین، دەبێت کورد لەگەڵ یەکدی شەڕ نەکات، دەبێت بە یەکەوە لە ناو دیالۆگدا بن و ھاوکاری یەکدی بن، ئەمەیە دەبێتە ھۆی سەرکەوتن بۆ ئێمە، ئەمە چی ئاشکرا کرد، ھەموو کەسێک تێگەیشت کە گەلی کورد زۆر پێشکەوتوە، تێگەیشتوە، کورد ئیدی دەزانێت چی زیانی پێدەگەیێنێت و چی سودی پێدەگەیێنێت، ئەوەی زیانی پێدەگەیێنێت، قبوڵ ناکات و لە دژی دەوەستێتەوە".

جەمیل بایک باسی لەوەشکردوە، "نابێت ھیچ پارتێک لەسەر دژایەتی گەلی کورد، لەسەر دژایەتی پارچەیەکی تر یان دژایەتی پارتێک یان چەند پارتێک، پەیوەندی دروست بکات، ئەگەر لەسەر ئەم بنەمایە پەیوەندی دروست نەکەن، ئەوا فیکر و سیاسەت و تیکۆشان و شێوازیان چی دەبێت با ببێت، ئەوا ئێمە وەکو ھێزێکی گەلی کورد تەماشایان دەکەین، ئەوا بۆ ئێمەش دەبێت بە ھێز، ھەروەھا فیکر و سیاسەتیان، شێوازی خەباتیان چی دەبێت با ببێت، پێویستە لە نێوانیاندا پەیوەندیەکی دیمۆکراتیک ھەبێت، ھەروەھا جیاوازیەکانیان چی دەبن با ببن، نابێت کێشەکانیان بە توندوتیژی، بەڵکو دەبێت بە رێگەی دیالۆگ چارەسەر بکەن. داواکاری ئێمە ئەمەیە".

 


‌نوێترین