×

شارەزایەکی ئابوری: بەھای ١٠٠ دۆلار بەرامبەر ٢٠٠ ھەزار دیناری عێراقی دەبێت

 2020-12-14
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
شارەزایەکی ئابوری ھۆشداریداوە لەوەی بەھای دیناری عێراقی بەرامبەر دۆلاری ئەمریکی بۆ نزمترین ئاستی لە ماوەی ١٧ سالی رابردوودا دادەبەزێت و لیژنەی دارایی پەرلەمانیش ئاماژەبەوەدەکات کە حکوومەت بە پلان دەیەوێت ئەو کارە بکات.

ساڵح ھاشمی، شارەزایی ئابوری رایگەیاند، دابەزینی بەھای دینار بەرامبەر بە دۆلاری ئەمریکی بەردەوام دەبێت بەجۆرێک لە ماوەی  سالی ٢٠٢١دا بەھای یەک دۆلار دەبێتە دوو ھەزار دینار واتا ١٠٠ دۆلاری ئەمریکی دەبێتە ٢٠٠ ھەزار دینار.

ھاشمی، ئاماژەی بەوەکردووە، بەردەوامی قەرزکردن کاریگەری لەسەر دیناری عێراقی دەبێت و لاوازی دەکات بەرامبەر دراوە بیانیەکان و دەبێتە ھۆی دابەزینی بەھای دینار.

باسیلەوەشکردووە، لە ساڵی ٢٠٢٠دا بەھای دینار رووی لە دابەزین کردووە بەھۆی ئەوەی خستنە بازاری پارەی بانکی ناوەندی زیاتربووە لە داھاتەکانی حکومەت و یەدەگی بانکیش لە ٦٢ ملیار دۆلارەوە بۆ ٥١ ملیار دۆلار دابەزیووە. 

وتیشی، دابەزینی بەھای دینار خێرا نابێت و قۆناغ بە قۆناغ دەبێت و سەرەتا ١٠٠ دۆلار دەبێتە ١٣٠ بۆ  ١٥٠ ھەزار دینار و پاشان لە کۆتایی ساڵی ٢٠٢١ دا بۆ ٢٠٠ ھەزار دینار، لە ئەگەری بەردەوامی قەیرانە ئابوری و داراییەکانیش ئەوا لە ماوەی دوو بۆ سێ ساڵی داھاتوودا بەھای ١٠٠ دۆلار دەبێتە ٥٠٠ ھەزار دینار. 

ھاوکات ئەندامێکی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق ھۆکاری بەرزبوونەوەی بەھای دۆلار ئاشکرا دەکات و رایگەیاند، حکومەتی  عێراق بە پلان دەیەوێت بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێت.

جەمال کۆچەر، ئەندامی لێژنەی دارایی لە پەرلەمانی عێراق رایگەیاند، حکومەت دەیەوێت تاوەکو پڕۆژە بودجەی ٢٠٢١ پەسەند دەکرێت، خەڵک لەگەڵ ئەو بەھا نوێیە ڕابێت، بەجۆرێک بەھای ١٠٠ دۆلار بە فەرمی بۆ ١٣٠ تاوەکو ١٤٥ ھەزار دینار بەرز بکاتەوە، لە بازاڕەکانیش تاوەکوو ١٥٠ ھەزار دینار بەرز دەبێتەوە.

ئاماژەی بەوەشداوە، زۆرینەی ئەندامانی لێژنەی دارایی لەگەڵ نزمکردنەوەی بەھای دینار نین، بەڵام حکوومەتی عێراق لەسەر ھەوڵەکانی بۆ ئەوەی کورتھێنانی دارایی پڕ بکاتەوە سوورە، بۆیە داوای کردووە یان دەستکاریی یەدەگی بانکی ناوەندی و دراوی قورس بکرێت، یاخود بەھای دینار بەرامبەر دۆلار دابەزێنرێت.

ھۆشداریش دەدات بەو ھەوڵە ھاوڵاتیان زەرەرمەندی سەرەکی دەبن و نرخی کاڵان و رێژەی ھەڵاوسان بەرزتر دەبێتەوە.

ئەوە لە کاتێکدایە، ئەمڕۆ دووشەممە بەھای دیناری عێراقی بۆ نزمترین ئاستی لەبەرامبەر دۆلاری ئەمریکی لە ماوەی پێنج ساڵی رابردوودا دابەزی و ١٠٠ دۆلار بووە ١٣٠ ھەزار دیناری عێراقی.


‌نوێترین