یەکینەکانی پاراستنی گەل (یەپەگە) وەڵامی وەزارەتی پێشمەرگەی دایەوە و رایگەیاند، ھێزەکانی ئەوان ھیچ ھێرشێکیان نەکردوەتە سەر پێشمەرگە.
میدیاکانی نزیک لە یەپەگە بڵاویانکردەوە، "تۆمەتەکانی سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگە بەدرۆدەخەینەوە و ئەو قسانە دورن لە ڕاستییەوە".
سەربەست لەزگین، بریکاری وەزارەتی پێشمەرگەی ھەرێمی کوردستان، بەرەبەیانی ئەمرۆ چوارشەممە ١٦ی کانونی یەکەمی ٢٠٢٠، رایگەیاند، لە کاتژمێر چوار و ٣٠ خولەک شەڕ لە نێوان پێشمەرگە و یەپەگە لە ناوچەی سحێلا لە خۆرئاوای پارێزگای دھۆک نزیک سنوری نێوان ھەرێم و رۆژئاوای کوردستان رویداوە و چەکی قورس و مامناوەندی تیا بەکارھاتووە.
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەیەک لە گەریلاکانی یەپەگە ھێرشیان کردووەتە سەر خالێکی پشکنینی پیشمەرگە و روبوونەوە زیاتر لە دوو کاتژمێر روویداوە و رێگەیان گرتووە لە ھاتنیان بۆ ناو ھەرێم"