نرخی نەوت بەردەوامە لە بەرزبوونەوەوە و ئەمرۆش بەرزترین ئاستی لەماوەی ١١مانگی رابردوودا تۆمارکرد کە ٥٧دۆلار و ٣٨ سەنت بووە.
بەھۆی زیاتر بەردەستبوونی چەند جۆرێک لە ڤاکسینی دژی کۆرۆنا و بەکارھێنانی لە چەندین وڵات و ھەروەھا سعودییەش بەڵێنی داوە ئاستی ھەناردەی رۆژانەی نەوت یەک ملیۆن بەرمیل کەم بکاتەوە لە پێناو بەرزکردنەوەی نرخەکان و ئەوەش وای کردووە، نرخی نەوتی جیھانی رووی لە بەرزبوونەوە کردووە.
ھاوکات نەوتی خاوی تەکساسی ئەمریکاش بەرزبوەتەوە و بەرمیلێکی بە ٥٣ دۆلار و ٧٠ سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت.
پێشتریش موزھر محەمەد ساڵح، راوێژکاری مستەفا کازمی، سەرۆک وەزیرانی عێراق بۆ کاروباری دارایی رایگەیاندبوو، ئابوری جیھان کردنەوەی بەخۆوە بینیوە و ئەوەش کاریگەری راستەوخۆی دەبێت لەسەر زۆربوونی خواست لەسەر نەوت بە تایبەتی لە چارەکی یەکەمی ٢٠٢١ دا.
پێشبینیشی کردووە بەرزبوونەوەی نەوت کورتھێنانی بودجە پردەکاتەوە و لە سەرەتای چارەکی یەکەمی ساڵی نوێوە نرخی یەک بەرمیل نەوت دەگاتە ٦٥ دۆلار.