دەستەی چاککردن و پاراستنی ژینگەی ھەرێم ڕایگەیاند، حکومەتی ھەرێم دوای سندوقی خانەنشینی دەستی بۆ سندوقی ژینگەش بردووە و پارەکەی بۆ مەبەستی دیکە بەکارھێناوە.
عەبدولڕەحمان سدیق، سەرۆکی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا ئەمرۆ پێنجشەممە ڕایگەیاند، پارەکانی سندوقی ژینگە تەنھا وەک ژمارە ھەن و بەھۆی ئەو دۆخە داراییەی ھەرێم تێیکەوتووە، حکومەت وەک چۆن دەستی بۆ پارەی سندوقی خانەنشینی بردووە، دەستی بۆ پارەی سندوقی ژینگەش بردووە.
سەبارەت بە کەیسی سەرپێچیکارانی کۆمپانیاکان و ھاوڵاتیان لە ساڵی ٢٠٢٠دا، وتەبێژی دەستەی ژینگەی ھەرێمی کوردستان رایگەیاند، ٤٢٩ کەیسیان لە شاری ھەولێر ھەبووە و ٢٣ کەیسیان سزادراون، ھەروەھا لە سلێمانی١٢٥ کەیس ھەبووە و سێ کەیسیان سزا دراون.
ئاماژەی بەوەشکرد، لە دھۆک ٤٣ کەیس ھەبووە و حەوت کەیسیان سزادراون، ھەروەھا لە ڕاپەڕین ٥٦ کەیس و لە گەرمیان دوو کەیس ھەبوون.