×

واشنتن پۆست: ئیدارەی بایدن جێنشینی سعودیە بە کوشتنی خاشقچی تۆمەتبار دەکات

 2021-02-19
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم
واشنتن پۆست: ھەفتەی داھاتوو ئیدارەی بایدن راپۆرتێکی ھەواڵگری بڵاودەکاتەوە لەبارەی ئەوەی محەمەد بن سەلمان جێنشینی سعودیە بریاری کوشتنی جەمال خاشقچی داوە.

ئەمرۆ ھەینی رۆژنامەی واشنتن پۆستی ئەمریکی لە راپۆرتێکیدا ئاماژەی بەوەکردووە، بەپێی سەرچاوەکانیان ئیدارەی ئەمریکا راپۆرتێکی ئامادەکردووە، کە لە لایەن ئاژانسەکانی ھەواڵگریەوە کاری لەسەرکراوە و سەرەداوەکانی کوشتنی خاشقچی ئاشکراکراوە. 

رۆژنامەکە باسی لەوەشکردووە، کاتی بڵاوکردنەوەی رابۆرتەکە ھاوکاتە لەگەڵ ئەوەی پەیوەندیەکانی ئەمریکا و سعودیە بۆ نزمترین ئاستی دابەزیوە بەتایبەتی دوای ھاتنی جۆ بایدن وەک سەرۆکی ئەمریکا و راگرتنی فرۆشتنی چەک بە سعودیە و رەخنەگرتن لە پرسی مافەکانی مرۆچ لە سعودیە و ھەروەھا ھاوکاریکردنی ریاز بۆ پرسەی ھاوپەیمانی عەرەبی دژی یەمەن راگرت.

جەمال خاشقچیی تەمەن ٦٠ ساڵ کە یەکێک بوو لە ناسراوترین رۆژنامەنوسی عەرەب رۆژی ٢-١٠-٢٠١٨ بۆ کاری تایبەت بە ھاوسەرگیرییەکەی سەردانی کۆنسوڵخانەی سعودیەی لە ئیستەنبوڵ کرد، دواتر دەرکەوت لەناو کۆنسوڵخانەکەدا کوژراوە.

پاش چەند رۆژێک لە کوژرانی دواجار سعودییە دانی بە کوشتنی خاشقچیدا ناو رایگەیاند، لەئاکامی شەڕو دەمەقاڵێی لەگەڵ ئەو کەسانەی چاویان پێی کەوتووە، کوژراوە، بەو تۆمەتەش ١٨ کەس دەستگیرکران و دادگاییکران.

دواتر داواکاری گشتیی سعودیە لە روونکردنەوەیەکی ١٧ خاڵیدا چۆنێتی کوژران و شاردنەوەی تەرمی رۆژنامەنوس جەمال خاشقچی ئاشکراکرد. کە ١١ کەس لەسەر دۆسیەکە تۆمەتبارکران و داوای لەسێدارەدانی پێنج کەسیشیان کرا، کە فەرمانی ئەنجامدانی ئەو تاوانەیان کردووە.

 


‌نوێترین