×

سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازێکی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری راگەیاند

 2021-05-23
فۆتۆ: 
هەواڵەکەم بۆ بخوێنەرەوە
وڵاتەکەم


سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ بانگەوازێکی بۆ ئەنجامدانی خۆپیشاندانی سەرتاسەری راگەیاند و داوادەکات رۆژی ٢٥ی ئەم مانگە لایەنە ناڕازییەکان کۆببنەوە بۆ دیاریکردنی کات و شوێنی خۆپیشاندان و دەشڵێت، "تکایە، ئیتر بەسە قبوڵکردنی زوڵم."

شاسوار عەبدولواحید سەرۆکی جوڵانەوەی نەوەی نوێ لە پەیامێکدا ئاماژەی بەوەکردووە "داواکارین لە ھەمووان، لەم دۆخە قورسەی فەرمانبەران و خەڵکی کوردستانی تێدایە و بۆ ئەوەی خۆپیشاندانەکان نەبنە خۆپیشاندانی حزبی و تاک لایەنە، داواکارین لە ھەموو لایەکتان، رۆژی ٢٥ی مانگ کاتژمێر ١١ کۆبوونەوەیەکی گشتی و سەرتاسەری ئەنجام بدرێت تایبەت بە دیاریکردنی کات و  بەرێوەبردن و ئەنجامدانی خۆپیشاندانێکی سەرتاسەری گشتی لە ھەرێمی کوردستان."

ئاماژەی بەوەشکردووە، "ئەوانەی پێیانوایە ئەمە موزایەدە یاخود بانگەشەی ھەڵبژاردنە، ئەوە ھیوادارین ئەو بەرێزانە پێش بکەون و بیکەنە بانگەشەیەکی شەریفانە بۆ خۆیان، ئەوانەشی پێیانوایە ئەمە دەبێتە خۆپیشاندانی حزبی، ئەوە با ئەو بەرێزانە بفەرموون و ئەوان ھەڵسن بە کارەکە و ئێمە پشتیوانیان دەبین بە ھەموو جۆرێک."

ئەوەشی خستووەتەڕوو، "میللەتەکەمان و خەڵکی ھەرێمەکەمان لە ئێستادا بە ئاشکرا زوڵمیان لێ دەکرێت، بە ئاشکرا مافیان دەخورێت، گەنجانێکی زۆرمان بێکارن، ژنان و ئافرەتانمان لە ماڵەوە بێ ھەلی کار و بێ ھیواکراون، سەرباری ئەوەی داھاتی ھەرێم لە ئێستادا دوو ھێندەی موچەی فەرمانبەرانە، کەچی ھێشتا موچە بە لێبڕینەوە دابەش دەکرێت، بۆیە ئەرکی ئەخلاقی سەرشانی ھەموومانە ھەڵوێستمان ھەبێت لە پێناو خەڵکی خۆماندا، لە پێناو داھاتوویەکی باشتر."

راشیگەیاندووە، "تکایە، ئیتر قبوڵکردنی زوڵم بەسە، ئەمە دەبێت کار و داواکاری ھەموو لایەک و ھەموو کەسێک بێت، نەک داواکاری تەنھا ھێزێک یاخود تەنھا کەسێک."

شاسوار عەبدولواحید ئەوەشی خستووەتەڕوو،  "ئەگەر دەتانەوێت کوردستان خۆشتر بێت و ئێوە ژیانتان باشتر و خۆشگوزەرانتر بێت، ئەوە بفەرموون با ھەموومان پێکەوە بەم کارە ھەڵسین."
 


‌نوێترین