سەردێڕ:

​ترەمپ بە بڕیارێك کۆتایی بە مشتومڕى پرسی کۆچبەران هێنا

​ترەمپ بە بڕیارێك کۆتایی بە مشتومڕى پرسی کۆچبەران هێنا
فۆتۆ: 
2018-06-27

6686 جار خوێندراوەتەوە

بە وتنەوەی نا بۆ ڕێگرتن لە گەشتکردن و بونیادنانی دیوار، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە دادگای باڵای ئەمریکا گرت کە بە زۆرینەی دەنگی پێنج دادوەر لە بەرانبەر چوار دادوەردا دانیان بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا نا بۆ ڕێگەگرتن لە گەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا.


بە وتنەوەی نا بۆ ڕێگرتن لە گەشتکردن و بونیادنانی دیوار، دامەزراوەکانی مافی مرۆڤ ڕەخنەیان لە دادگای باڵای ئەمریکا گرت کە بە زۆرینەی دەنگی پێنج دادوەر لە بەرانبەر چوار دادوەردا دانیان بە بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکادا نا بۆ ڕێگەگرتن لە گەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی بۆ ئەمریکا.

 

لەکاتێکدا بڕیارێکی سەرۆکی ئەمریکا بۆ داخستنی سنورەکانی باشووری وڵات بەڕووی کۆچبەرە نایاساییەکاندا ناڕەزایەتی زۆری لێکەوتووەتەوە، بڕیارەکەی دادگای باڵای ئەمریکا بۆ پشتیوانیکردن لە بڕیارەکەى ترەمپ بۆ ڕێگرتن لە گەشتی هاوڵاتیانی ژمارەیەک وڵاتی ئیسلامی بە سەرکەوتنێکی گەورە بۆ پێگەی سیاسی ترەمپ ناودەبرێت کە یەکێکبوو لە بەڵێنەکانی لە هەڵمەتی هەڵبژاردندا.

 

ئەو وڵاتانەش کە بڕیارەکە دەیانگرێتەوە پێنج وڵاتن و بریتین لە ئێران و لیبیا و سۆماڵ و یەمەن و سوریا.

 

لە بڕیارەکەدا دادگا پشتیوانى بۆ دەسەڵاتى بەرفراوانى ترەمپ نیشانداوە، ئەوەش ئەوە دەگەیەنێت کە پێدەچێت قەدەغەى گەشتکردن لە داهاتوودا وڵاتى زیاتر بگرێتەوە.

 

بەڵام لەگەڵ ئەوەشدا و بەپێی بڕیارەکە هەر هاوڵاتییەکی ئەو پێنج وڵاتە دەتوانێت سەردانی کەسوکاری خۆی لە ئەمریکا بکات، هەر خوێندکارێکیش کە بۆ خوێندن لە زانکۆکانی ئەمریکا قبوڵکرابێت، دەتوانێت گەشت بۆ ئەو وڵاتە بکات.

 

بڕیارەکەش کە لەلایەن باڵاترین دەسەڵاتی دادوەریی ئەمریکاوە دەرکراوە و چەندجارێک پیاداچوونەوەی بۆ کرابوو، کۆتایی بە مشتومڕێکی سیاسی هێنا کە لە یەکەم مانگی دەسەڵاتی دۆناڵد ترەمپەوە دروستبووە، لە ئێستاشدا بووەتە بڕیارێکی کۆتایی و کۆشکی سپیش دەستخۆشی لێکرد.

 

لە سەرەتای دەرچوونی بڕیارەکەش لەلایەن ترەمپەوە، عێراقیش یەکێکبوو لەو وڵاتانە، بەڵام بەهۆی هەوڵەکانی حکومەتی عێراق و کۆبوونەوەی چڕوپڕ لەگەل ترەمپ و لێپرسراوانی باڵای ئیدارەی ئەمریکا، هاوڵاتیانی عێراقی لە لیستەکە دەرهێنران.

 

لە ئێستاشدا زۆرێک لە ناوخۆ و دەرەوەی ئەمریکا پێیانوایە جێبەجێکردنی بڕیارەکە جیاکاریی ئاینی لەو وڵاتەدا لێدەکەوێتەوە، تەنانەت ئەو دادوەرانەش کە لە دژی بڕیارەکە دەنگیاندا دەڵێن بڕیارەکە نادەستورییە و دژایەتی ترەمپ بۆ موسڵمانان دەسەلمێنێت.

 

ئەوانەى دژایەتى بڕیارەکەى ترەمپ دەکەن پێشتر داوایان لە دادگا کردبوو وتە ئاگرینەکانى ترەمپ لەبەرچاوبگرێت لەکاتى هەڵمەتى هەڵبژاردنى سەرۆکایەتى لە ساڵى ٢٠١٦دا، کە بەڵێنى ڕێگریکردنى تەواوى دابوو لە موسڵمانان بۆ چوونە ناو ئەمریکاوە.

 

بەڵام دادگای فیدراڵی ئەمریکا کە دوایین هیواى ئەوانە بوو کە دژى بڕیارەکە بوون، بڕیارەکەی بە پاراستنی ئاسایشی نیشتیمانی ئەمریکا بەستەوە و ڕایگەیاند، بڕیارەکە یاساییە و پەیوەندی بە ئاینێکی تایبەتەوە نییە بەڵکو پەیوەندی بەو گەشتیارە بیانیانەوە هەیە کە ناتوانرێت وەک پێویست لێکۆڵینەوە لە پێناس و کەسایەتییان بکرێت.

 

لاى خۆشیەوە دۆناڵد ترەمپ کە بڕیارەکەى دادگاى فیدراڵى ئەمریکا دەستى کراوەتر کرد بۆ جێبەجێکردنى سیاسەتەکانى، پێشوازى لە بڕیارەکەى دادگا کرد و بە سەرکەوتنێکى گەورە بۆ گەل و دەستورى ئەمریکا ناویبرد.

 

قەدەغەکردنی گەشتی هاوڵاتیانی ئەو پێنج وڵاتە بۆ ئەمریکا، یەکێکە لە سیاسەتەکانى ترەمپ سەبارەت بە کۆچی نایاسایی کە لە یەکەم هەفتەی دەستبەکاربوونییەوە بە سەرۆکی ئەمریکا بڕیاری لەسەردا کە پێیوایە ئامانج لێی پاراستنی ئاسایشی ئەمریکایە لە توندڕەوە ئیسلامییەکان، بەڵام دادگاکان بڕیارەکەیان ڕاگرتبوو.